پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند

27/07/2019 - 09:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ژمارەیەك تۆمەتبار بە تۆمەتی ئەنجامدانی چەند تاوانێكی جۆراوجۆر دەستگیركران و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

 


سەركەوت ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ژمارەیەك ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی دزراون بە هەوڵی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانراوە تەواوی ئەو ئۆتۆمۆبێلانە بدۆزرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان و بكەری تاوانەكانیش رووبەرووی یاسا بكرێنەوە.

 

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتیشی: لە هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی كافتریاو یانەشەوانەكان و دانانی بازگە دەستگیراوە بەسەر شانزە دەمانچەدا كە بێمۆڵەت بوون و خاوەنەكانیان ڕوبەڕوی یاسا كراونەتەوە .

 

هەروەها لەلایەن مەفەرزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنەوە چوار تۆمەتبار دەستگیركراون كە تەقەیان كردووەو دەستیش گیراوە بەسەر چەكەكانیاندا و هەژدە پارچە چەكیش دەستیبەسەردا گیراوە كە بەخاوەنەكانیان بوون و بێمۆڵەت بوون .