یەكێتی : پارتی داكۆكی لەمافی كورد ناكات

28/07/2019 - 15:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
سەبارەت بە بێبەشكردنیان لە پۆستەكانی پارێزگای نەینەوا ، فراكسیۆنی یەكێتیی وەڵامێكی توندی پارتی دەداتەوە ڕایدەگەیەنێت: پارتی داكۆكی لەمافی كورد ناكات، بۆیە یەكێتی بێبەشدەكات لەپۆستەكان و لەگەڵ لیستی دیكە ڕێكەوتن دەكات.
گەلاوێژ عەلی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند: وەرنەگرتنی پۆست لەحكومەتی خۆجێی نەینەوا هیچ پەیوەندیەكی بەیەك لیستی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە نییە، بەڵكو ئێمە بایكۆتی دانیشتنی كۆبونەوەكانمان كردوە، چونكە پێمان دروست نەبوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، وەك ئەندامانی ئەنجومەن لەلایەن پارتیەوە هیچ داوایەكمان لەبارەی یەك لیستی بۆ هەڵبژاردن لێنەكراوەو هیچ گفتوگۆیەكیشی لەسەرنەكراوە، بایكۆتكردنی دانیشتەكانیش هیچ پەیوەندیەكی بەهەڵبژاردنەوە نییە، ئێمە بایكۆتی دانیشتنەكەمان كردوە بەهۆی ئەوەی هەندێك مەرجی یاسایی هەبوو، لەو كاندیدانەدا نەبوە كە بۆ پۆستی بەڕێوەبەرو جێگرو یاریدەدەرەكانی فەرمانگەكان دانراون.
ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، تەنها پارتی نییە حوكم بكات بەوەی ئەوان وەك یەكێتی پۆست وەربگرن یاخود نا، بەڵكو لیستی عەرەبیش بەشدارن لەئەنجومەنەكە، یەكێتی هەمیشە قوربانی بەپۆست و پشكی خۆیداوە لەپێناو یەكڕیزی كورد لەناوچە دابڕێنراوەكان، بەڵام ئەوە پارتیە داكۆكی لەمافی كورد ناكات و یەكێتی بێبەشدەكات لەپۆستەكان و لەگەڵ لیستی دیكە ڕێكەوتن دەكات.