ئەندازیارێكی خۆراك: نایلۆن بۆ گواستنەوەو هەڵگرتنی خۆراك مەترسیدارە

30/07/2019 - 11:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


ئەندازیارێكی خۆراك ڕایدەگەیەنێت: هەڵگرتنی خۆراك لە نایلۆن دا ئەگەر بێت و خۆراكەكە گەرم بێت یاخود لە شوێنی گەرم دابنرێت سەلامەت نییە.

 

لەشكر حمید ئەندازیاری خۆراك لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: هەڵگرتنی خۆراك لە نایلۆن دا ئەگەر بێت و خۆراكەكە گەرم بێت یاخود لە شوێنی گەرم دابنرێت سەلامەت نییە، چونكە بە كاریگەری پلەی گەرمی ڕێژەیەكی زۆر لە مادە كیمیاییەكانی ناو نایلۆنەكە دەچێتە ناو خۆراكەكەوە.


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەش مەترسی دروستبوونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان زیاد دەكات چونكە هۆكارە بۆ دروستبوونی پاشماوەی پلاستیكی لەناو خوێندا.

 

ئەو ئەندازیارەی بواری خۆراك ئاماژەی بەوەشكرد: بەداخەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە فڕنی صەموون و نانەواخانەكاندا زۆرە كە ڕاستەوخۆ بە گەرمی نان و صەموونەكە دەخرێتە ناو كیسی نایلۆنەوە، ئەمەش زیان بە سەلامەتی خۆراكەكە دەگەیەنێت.

 

ووتیشی: باشترە خۆراك لە كیسی كاغەزدا هەڵبگیرێت نەك لە كیسی نایلۆندا، سەرەڕای ئەمانەش وەك پاشەڕۆ نایلۆن زیانێكی گەورە بە ژینگەش دەگەیەنێت.