دادگای‌ سلێمانی‌ ڕونكردنەوەیەكی لەسەر شاسوار عبدالواحد بڵاوكردەوە

30/07/2019 - 12:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دادگای‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت: شاسوار عبدالواحد قادر كە خاوەنی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری بووە، وەك هاووڵاتیەكی تۆمەتبار و بەبێ ڕەچاوكردنی پلەو پۆستە سیاسیەكەی، كە لەلایەن كۆمەڵێك لە خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندەوە سكاڵای لەسەر كراوە و تۆمەتی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن (احتیال)ی دراوەتە.


دادگای‌ سلێمانی‌ لە ڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە، ڕایگەیاند:" ڕۆژی ٢٠١٩/٧/٢٩ جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر دادگا و دەستەڵاتی دادوەری و تۆمەتی بێبنەما و ناڕاستی داوەتە پاڵمان بە مەبەستی چەواشەكردن و بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی".


ئەوەشی خستەڕوو:" بۆ هەموو هاووڵاتیانی بەڕێزی هەرێمی كوردستان ڕووندەكەینەوە كە دادگاكان بەپێی یاسا بەركارەكان كاردەكەن و دوورن لە هەر كارێكی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەكان، وە هەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسانن".


ئاماژەی بەوەشكرد:" ئەو دۆسیەی كە لەبەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە فەرمانێكی دەستگیركردنە بۆ (شاسوار عبدالواحد قادر) كە خاوەنی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری بووە، وەك هاووڵاتیەكی تۆمەتبار و بەبێ ڕەچاوكردنی پلەو پۆستە سیاسیەكەی، كە لەلایەن كۆمەڵێك لە خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندەوە سكاڵای لەسەر كراوە و تۆمەتی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن (احتیال)ی دراوەتە پاڵ بەپێی ماددەی (٤٥٦) لەیاسای سزادانی عێراقی و كەیسەكەش لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدایە".