بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بڕیاری تازە دەردەكرێت

31/07/2019 - 09:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

بڕیارە لە رێگەی كۆمپانیایەك بە قیستی درێژخایەن ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایان بدرێت، بەرپرسێكیش زانیاری و وردەكاری لەو بارەیەوە ئاشكرا دەكات.

(عەبدولواحید موحەمەد) جێگری سەرۆكی یەكێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان لە لێدوانێكدا بە هەفتەنامەی (باس) ی راگەیاندووە، لەگەڵ كۆمپانیای جیهان مۆتۆرز لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل بە قیست بدرێتە مامۆستایان، ئێستا چاوەڕوانی ئەوانین جۆری ئۆتۆمبێلەكان و نرخەكانیان و قیستەكانیان پێمان بدەن، ئەوان پڕۆژەكەیان ئامادەكردووە، بەڵام دواكەوتوون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو پڕۆژەیە پەیوەندی بە حكومەت نیە، بەڵكو راستەوخۆ پەیوەندی بە یەكێتی مامۆستایان هەیە، وتیشی: كۆمپانیای جیهان داوایان كردووە ئەو مامۆستایانەی ئۆتۆمبێلەكانیان پێ دەدرێت حیساب بانكیان لای ئەوان هەبێت واتا مووچەكانیان لە بانكەكانی ئەوان بێت، ئەو پرسەش پەیوەندی بە دارایی و پەروەردە هەیە بۆیە نەگەیشتووینەتە چارەسەر.

ئاشكراشیكرد، ئەوان داوایانكردووە زیادە نەخرێتە سەر قیستەكان و قیستەكانیش درێژخایەن بن، ئێستاش چاوەڕوانی پێدانی وردەكاری كۆمپانیان و لەو هەفتەوە گفتوگۆكان لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیا دەست پێدەكەینەوە بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتنی هاوبەش.

بەپێی زانیاریەكان كۆمپانیا باسی ئەوەیانكردووە، بەقیستی (36) مانگ ئۆتۆمبێلەكان بدرێن، بەڵام یەكێتی مامۆستایان داوای قیستی (40) مانگیان كردووە، داواشكراوە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی قیستەكان بدرێن.

ئەوەی كە هەردوولا لەسەری كۆكن قیستی مانگانە لەگەڵ پێدانی مووچەدا بێت، هەروەها لەجیاتی رەهنی خانوو و مووڵك، مامۆستا تەنها كەفیلێكی مووچەخۆری پێویست بێت.

(عەبدولواحید موحەمەد) ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی كێشەی مووچە لەماوەی‌ رابردوو كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ ئۆتۆمبێل، بە جۆرێكی هەستیارانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەی‌ پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست دەكرد، بەلای ئێمەوە گرنگترین بابەت ئەوەیە، كارئاسانی بۆ مامۆستایان بكرێت و نرخێكی گونجاو بێت و زیادە نەخرێتە سەر نرخەكان.

بەپێی زانیاریەكان ئۆتۆمبێلەكان تۆیۆتان و لە پێنج جۆر پێك دێن، كە بەشێوەی قیست دەدرێنە مامۆستایان.