پارێزگاری سەماوە داوای لێبوردن دەكات، ئەفسەرەكە سزادەدرێت

31/07/2019 - 10:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پارێزگاری سەماوە لەسەر ڕوداوەكەی دوێنێی ئەو پارێزگایە كە لەلایەن ئەفسەرێكەوە بەرامبەر هاوڵاتیەكی كورد كە ئاڵای كوردستانی لەمل بوو كرا، داوای لێبوردن دەكات و ڕایدەگەیەنێـت: ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە.


ئەحمەد مەنفی پارێزگاری سەماوە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: بۆ گەلی كوردمان، بە ناوی هەموو هاوڵاتیانی پارێزگای سەماوەوە داوای لێبوردن دەكەین لە هەڵسوكەوتێكی تاكەكەسی یەكێك لە ئەفسەرەكانمان كە سنوری هاوڵاتیانی ئێمەی تێپەڕاندووە.


هەروەها پارێزگاری سەماوە ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە بەرامبەر ئەو ئەفسەرە ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.


جێگەی ئاماژەبۆكردنە دوێنێ سێ شەممە 30-7-2019 بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان سەردانی گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئەنفالكراوانیان لەپارێزگای سەماوەكرد، یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان ئاڵای كوردستانی لەمل بوو لەلایەن ئەفسەرێكەوە هەوڵدرا ئاڵاكەی كوردستان لابەرێت و ئەو ڕوداوەش نیگەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوەو فراكسیۆنی یەكگرتووش بەتوندی ئیدانەی ڕوداوەكەی كرد.