دڵنیایی بە فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت لەبارەی مووچە

08/08/2019 - 15:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرباری ئەوەی لەبازاڕی بۆرسەی جیهاندا نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دڵنیایی بەفەرمانبەرانی هەرێم دەدات و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت:"كاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابێت".

بەگوێرەی بۆرسەی جیهانی نرخی نەوت ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەدابەزین دەكات، بەشێوەیەك لەئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت لەبازاڕەكاندا بە 57 دۆلارو 54 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.

لەوبارەیەوە شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، "فەرمانبەران دڵنیادەكەمەوە لەوەی دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر ناردنی پارەكەی بەغدا تایبەت بەموچەی فەرمانبەران نابێت، بەڵام كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی بودجەی گشتیی عیراق دەبێت".

وتیشی:"بودجەی گشتیی عیراق لەسەر نرخی نەوت بەندە، هەركاتێك نرخی نەوت دابەزێت كاریگەری لەسەر داهات دروستدەبێت، ئەوەش كاریگەری دەخاتە سەر كەمبونەوەی بودجە".

شیروان میرزا بۆ بە سایتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، "نرخی بەرمیلێك نەوت  لەبودجەی گشتیی عیراق بە56 دۆلار دانراوە، هەركاتێك نرخی نەوتیش لەو نرخەی دانراوە كەمتر بۆوە لەبازاڕەكانی جیهاندا ئەوكات كاریگەری خراپ بۆ بودجەی گشتی دروستدەبێت".