ئه‌مڕۆ یه‌كگرتوو و پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌

08/08/2019 - 15:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شاندى هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى له‌ باره‌گاى یه‌كگرتوو كۆببنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى پرسى دانانى پارێزگارێك بۆ شارى كه‌ركوك،

 جوان حسن ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌ لێدووانێكی تایبه‌تی بۆ "كوردیو" راگه‌یاند"بڕیاره‌ هه‌رسێ لایه‌نى یه‌كگرتوو و پارتى و یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كه‌ركوك و دانانى كه‌سێك بۆ پارێزگارى شاره‌كه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى عه‌ره‌ب و توركمان بكه‌ن كه‌ ئه‌وانیش داواى پۆسته‌كه‌ ده‌كه‌ن."

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ئه‌وه‌شی وت "له‌به‌رئه‌وه‌ى لیستى برایه‌تى لیستى زۆرینه‌یه‌، بۆیه‌ پۆستى پارێزگار به‌پشكى كورد ده‌زانین و له‌ئیستاشدا ده‌سه‌ڵاتى ده‌ستنیشانكردنى پارێزگار له‌ده‌ستى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دایه‌ و ده‌مانه‌وێت هه‌رچى زووه‌ پرسه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ین".

له‌باره‌ى كێشه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر دیاریكردنى كه‌سێك بۆ پارێزگار، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌ن وتى "ئه‌وه‌ى به‌دیده‌كرێت پارتى و یه‌كێتى یه‌ك شاندى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ بۆ سه‌ردانى حیزبه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ده‌گه‌ینێت كه‌ هه‌ردوولا به‌شێكى زۆرى گرفته‌كانى نێوانیان چاره‌سه‌ركردووه‌، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ى ئێستا كه‌ گرنگه‌ چاره‌سه‌ركردنى بارودۆخى كه‌ركوك و دانانى كه‌سێكه‌ بۆ پۆستى پارێزگار".