ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە نایاسایی نییە

08/08/2019 - 17:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ناردنی موچەی فەرمانبەرانی كورستان لەلایەن وەزیری دارایی یەوە نایاسایی نییەو ئەو فشارانەی دەكرێنەسەری لەلایەن هەندێك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سیاسین نەك یاسایی.

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە دانا جەزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامداو ڕایگەیاند: ناردنی موچەی فەرمانبەران یاسایی یەو مافێكی دەستوری هەرێمەو دەنگی لەسەردراوە.

 

هەروەها وتیشی: لە ماددەی 10ی یاسای بودجەدا هاتووە كە دەبێت حكومەتی هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەند بەشە بودجەی بەتەواوی بۆ بنێرێت بەڵام لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە ناردنی ئەو بڕە نەوتە حكومەتی ناوەند هێندەی زیانی نەناردنی ئەو بڕە نەوتە لەپارەی پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبڕێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا: ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتە بنێرێت پێویستە عێراق 10 ترلیۆن دینار بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان بەڵام ئێستا كە حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی 250 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بڕی چوار ترلیۆن دینار زیان بە حكومەتی ناوەند دەگات بۆیە تەنها شەش ترلیۆن دینار دەنێرن و فەرمانبەرانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كاریگەری لەسەر ناردنی موچە نابێت.

 

هەروەها لەسەر ئەو سكاڵایەی دژی فوئاد حسێن وەزیری دارایی حكومەتی ناوەند هەیە وتی: سكاڵاكە سیاسی یەو یاسایی نییە، بۆ لێدان و لاوازكردن و تەنانەت ڕوخاندنی حكومەتەكەی عادل عبدولمەهدی یە.