بە وێنە .. چی بەسەر ئەو دوو منداڵە هات كە هەڕەشەی كوشتنیان لەسەر بو؟

10/08/2019 - 17:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر دوو منداڵ، كە لە لایەن باوك و باوەژنیان ئازار درابوون و چەندین جار دەركرابوون و دواجار هەڕەشەی كوشتن و سووتاندنیان لێكرابوو، ڕزگار كران.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 10ی ئاب 2019 لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، لە سەر ڕاسپاردەی خاتوو كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر هەموو هەوڵێكمان خستەگەڕ بۆ ڕزگاركردنی ئەو دوو منداڵەی ژیانیان لە مەترسیدا بوو.

وتیشی، “خۆشبەختانە دوای دوو ڕۆژ هەوڵدان، توانیمان دوو منداڵەكە لەو دۆخە خراپەی تێكەوتبوون ڕزگاریان بكەین و بیانهێنینە خانەی نەوجەوانان لە هەولێر، دوای پشكنیكی پزیشكی و چارەسەری پێویست، ئێستا باری تەندروستیان جێگیرە”.

ڕاشیگەیاند، خانەی نەوجەوانانی هەولێر بە شێوەیەكی تایبەت دیزاینكراوە و بە شێوەیەكی مودێرن بەڕێوەدەبردرێت هەر ئەمەشە وای كردووە جگە لە منداڵانی پارێزگای هەولێر، زۆر جار منداڵانی پەرێزگاكانی دیكەش لە خۆ بگرێت.

 

ئەلبوومی وێنەکان