نوێترین زانیاری لەبارەی پێدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان لەلایەن بەغداوە

12/08/2019 - 11:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕونكردنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌دانه‌وه‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌دات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش به‌دوری ده‌زانێت به‌غدا بێته‌ ژێرباری پێدانه‌وه‌ی ئه‌و موچانه‌.

شیروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاندوه‌، "داواكاردنی پێدانه‌وه‌ی به‌شێك له‌موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌غدا ناواقعیه‌و به‌دوریده‌زانم به‌غدا بێته‌ ژێرباری ئه‌و داواكارییه‌وه‌".

پێشتر حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ به‌غدا دانوستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی هه‌رێم بگرێته‌ ئه‌ستۆو بیداته‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی داراییش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "له‌ساڵی 2014وه‌ له‌وكاته‌وه‌ی به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی ڕاگرت، حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی كێڵگه‌كانی هه‌رێم و كه‌ركوكی فرۆشت و داهاتی ناوخۆیشی هه‌بوو".

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، له‌كاتێكدا به‌غدا ده‌توانێت هاوكاری هه‌رێم بكات له‌دانه‌وه‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان، كه‌ هه‌ردولا پاكتاوی حسابات بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت هه‌رێم قه‌رزی ده‌كه‌وێته‌ لای به‌غدا، ئه‌وه‌ پێده‌چێت عیراق بتوانێت هاوكاری هه‌رێم بكات، پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته‌".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "ئێستا حكومه‌تی عیراق كورتهێنانێكی زۆری بودجه‌ی هه‌یه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش له‌ژێر فشاری توندی لایه‌نه‌كاندایه‌ سه‌باره‌ت به‌مامه‌ڵه‌كردنی به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان".