له‌باره‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دارایی زانیاری نوێ ئاشكراده‌كات

13/08/2019 - 16:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران زانیاری‌ ئاشكراده‌كات سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌ساڵی داهاتودا، ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌كه‌ش ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕایگەیاند، "له‌یاسای 22دا كه‌ پێشتر له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ باس له‌وه‌ده‌كات ناتوانرێت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌مبكرێته‌وه‌و ده‌بێت به‌یاسایه‌كی‌ دیكه‌ موچه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌، ئێمه‌ش هه‌نگاوی‌ له‌و شێوه‌یه‌ نانێین و ڕێگه‌ی‌ پێناده‌ین".

وتیشی‌:"پێشتر له‌یاسای خزمه‌تی‌ گشتیدا باس له‌وه‌كرابوو ده‌سه‌ڵات بدرێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ڕێنمایی و بڕیاربێت، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌شمان ڕه‌تكرده‌وه‌".

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ڕه‌شید بۆ سایتی سلێمانی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، "ئه‌گه‌ر داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق بكرێت، له‌چوارچێوه‌ی‌ یاسای بودجه‌ی‌ گشتیدا ده‌بێت، بۆ ساڵی داهاتوش پێشنیازی له‌وشێوه‌یه‌ نه‌كراوه‌، پێشتر كاتێك بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ درا به‌ڕێژه‌ی‌ 3.8% له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ردرابوو".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "تائێستا پێشنیازی له‌وشێوه‌یه‌ باسی لێوه‌نه‌كراوه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراقیشه‌وه‌ باس له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ نه‌كراوه‌".