دوو مانگ دەخایەنت.. گۆڕانکاری لەپێدانی مووچە دەکرێت

14/08/2019 - 09:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
داوای پشتگیری لەوەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ دروستکردنی ژمارە حساب و پێدانی دەفتەر چەک بەفەرمانبەران، بەڕێوەبەری تەکنۆلۆجیای بانکەکان لەھەولێریش رایدەگەیەنێت: دەتوانین لەماوەی مانگێک بۆ دوو مانگ ژمارەی حسابی و دەفتەر چەکی نوێ بۆ ھەموو وەزارەتەکان دروست بکەین.

لەماوەی رابردوودا وەزارەتی دارایی بەنووسراوی فەرمی، تەکنۆلۆجیای بانکەکان راسپارد، ژمارەی حسابی بۆ ١٠ وەزارەت بکەنەوە.

مستەفا سەعید بەڕێوەبەری تەکنۆلۆجیای بانکەکان لەھەولێر راگەیاند: لەلایەن وەزیری پێشووی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمەوە نووسراوی کردنەوەی ژمارەی حسابی بۆ وەزاتەکان دەرچوو بوو، بەڵام ئێمە پێشنیازمان کرد لەکاتی کردنەوەی ژمارە حسابیەکە، بۆ ھەر فەمانبەرێک دەفتەر چەکێکی نوێی پێبدرێت کە لەلایەن خۆمانەوە دروستکرابوو.

وتیشی: "ئەو دەفتەر چەکەی ئێمە دروستمان کردووە، کوالیتی زۆر بەرزەو کۆدێکی لەسەرە کە ھەموو زانیاری فەرمانبەرەکە لەخۆدەگرێت، بەھیچ شێوەیەک ساختە ناکرێت، وابڕیاربوو وەزیری دارایی وەڵامی پێشنیازەکەمان بداتەوە".

راشیگەیاند: زۆر چاوەڕوانی وەڵامی داراییمان کرد، دواتر دەستمان کرد بەدروستکردنی ژمارە حسابی و نزیکەی ١٥٠٠ ژمارەی حسابیمان لەبانکی زانکۆو چەند بانکێکی دیکە کردەوە، بەڵام ھەر دەفتەر چەکی ئاساییمان پێدان، کە دەتوانرێت کۆپی بکرێت.

بەڕێوەبەری تەکنۆلۆجیای بانکەکان لەھەولێر بۆ سایتی سلێمانی دەڵێت: "کردنەوەی ژمارەی حسابی بۆ فەرمانبەران و ئاسانەو ماوەیەکی کەمدەخایەنێت، دەتوانین ھەموو وەزارەتەکان بەمانگێک تاوەکو دوو مانگ تەواو بکەین و دەفتەری چەکی نوێشیان پێبدەین، بەمەرجێک پشتگیرمان ھەبێت".