راگه‌یه‌ندراوێك له‌م وه‌زاره‌ته‌ی هه‌رێمه‌وه‌

17/08/2019 - 09:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، كه‌ هاوڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می هاورده‌ و به‌تایبه‌تی وڵاتانی دراوسێ له‌ ڕووی كواڵیتییه‌وه‌ له‌ هه‌موویان باشتر و ته‌ندروستتره‌.

له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڤیدیۆیه‌ك بڵاوبۆته‌وه‌، كه‌ هاووڵاتییه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ "بەرهەمی شوتی بە دەرمان و بە ماوەی 20 رۆژ پێدەگەیەندرێت و زیانێكی زۆری بۆ تەندروستی هاوڵاتیان هەیە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ حسێن حه‌مه‌ كه‌ریم، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، "به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ سۆشیاڵ میدیا زۆر به‌خراپی به‌كارده‌هێنرێت بۆ شكاندنی به‌رهه‌می ناوخۆ".

ناوبراو باسی له‌وه‌شكردووه‌، "ئه‌و كه‌سانه‌ په‌یوه‌ندیدارنین و به‌بێ توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه‌ و به‌دواداچوون و په‌یوه‌ندی كردن به‌لایه‌نه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌، پۆستێك ده‌كه‌ن جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی دوودڵی لای هاووڵاتیان، زه‌ره‌رێكی زۆریش له‌به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌ده‌ن و به‌قازانجی به‌رهه‌می هاورده‌ش ده‌شكێته‌وه‌".

ده‌شڵێت: "ئه‌و پۆستانه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی زیان گه‌یاندن به‌ ئاسایشی خۆراكی هه‌رێمه‌كه‌مان و گومان په‌یداكردن به‌رامبه‌ر خاوه‌نی پۆسته‌كان"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئێمه‌ هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می هاورده‌ و به‌ تایبه‌تی وڵاتانی دراوسێ‌ له‌ رووی كوالیتییه‌وه‌ له‌ هه‌موویان باشتر و ته‌ندروستتره‌ و زیاتر ئۆرگانییه‌".

هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نایشارینه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تێكی زۆر گرنگ و هه‌ستیاره‌ و پێویستی زۆر زیاتری به‌ به‌دواداچوون و رێنماییكردنی جووتیاران و كشتیارانه‌، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ زۆر به‌جدی له‌م بابه‌ته‌ ده‌ڕوانێت و له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌م پرسه‌ ده‌كۆڵینه‌وه‌و به‌ دواداچوون ده‌كه‌ین".

وتیشی‌: "له‌هه‌مان كاتدا داواكارین له‌ هه‌موو دڵسۆزان نه‌بنه‌ هاوكار بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ڕێگه‌ی شه‌یركردن و ناردنی پۆسته‌كان به‌ مێسنجه‌ر، له‌گه‌ڵ ڕیزو پێزانین بۆ جووتیاران و دڵسۆزان وخه‌مخۆرانی پارستن وگرنگیدان به‌به‌رهه‌می ناوخۆ".