حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچەوە زانیاری نوێ بڵاو دەكاتەوە

19/08/2019 - 17:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: حكومه‌تی عێراق ته‌نیا مووچه‌ی 682 هه‌زار مووچه‌خۆر ده‌نێرێت و ئێمه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن مووچه‌خۆرمان هه‌یه‌، بۆیه‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ كاتی خۆیدا مووچه‌ ده‌درێت.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ ئابی ٢٠١٩ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چه‌ند پرسێكی بۆ راگه‌یاندنه‌كان خسته‌ڕوو، وتی: "هەرێم و بەغدا کۆکن لەسەر ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و بەتایبەتیش پرسەکانی نەوت و دارایی و سنوری ماددەی ١٤٠ و کۆمەڵێک پرسی تر، ئەوەش لەبەرژەوەندی هەردوولایە و کۆمەڵێک لێژنە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە، بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی کێشەکان".

وتیشی: "بەپێی یاسایی بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2019 كه‌ 12% بۆ هەرێمی کوردستان دیاریكراوه‌، به‌شی هه‌رێم 12 ترلیۆن و 84 ملیار دیناره‌، بەڵام به‌غدا تائیستا کە مانگیهه‌شته‌، تەنیا 452 ملیار دیناری ناردووە، هه‌رچه‌نده‌ حکومەتی هەرێم نیازپاکە کە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، بەلام سازش لەسەر پرس و مافەکانی ناکات، گەشبینین بەوەی رێککەوتن بکرێت".

له‌باره‌ى ده‌وامكردنی پله‌ باڵاكان و فەرمانبەران، وتی: "دەبێت یەکەمجار وەزیرەکان و دواتریش سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردساتن پابەندبن بە کاتی دەوام کە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە".

جوتیار عادل له‌باره‌ى پێنه‌دانی مووچه‌ له‌ كاتی خۆی و چاره‌نووسی سێ مووچه‌ی ئه‌مساڵ ده‌ڵێت: "ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ت پێدانی مووچه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی عێراق ته‌نیا مووچه‌ی 682 هه‌زار مووچه‌خۆر ده‌نێرێت و ئێمه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن مووچه‌خۆرمان هه‌یه‌، بۆیه‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ كاتی خۆیدا مووچه‌ ده‌درێت".

هێمای بۆ ئەوەشکرد: هیچ بەرنامەیەک نییە بۆ ئەوەی دووبارە بایۆمەتری فەرمانبەران ئەنجامبدرێتەوە.

سەبارەت بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانه‌ بەبەغدا، رونیکردەوە: بەپێی یاسای بودجە ئێمە نەوت رادەست ناکەین، بەڵکو داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکەین، واتا ئەو داهاتەی کە هی 250 هەزار بەرمیل نەوتە.

جوتیار عادل وتیشی: "لەبەرنامەی هێڵە گشتییەکان هاتووە کە پێداچوونەوە بە سەرجەم دەرماڵە پلە تایبەت و فەرمانبەرانیش دەکرێت".

هەر لەکۆنگرەکەدا وتی: "لەماوەیه‌کی نزیکدا رێکاری ئیداری بۆ گۆڕانکاری بەڕێوەبەری گشتی و بریکارەکان ئەنجامدەدرێت و لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش باسی لێوەکراوە، حکومەتی هەرێم ئەدای وەزارەتەکانی بەلاوە گرنگە، نەک گۆرانکارییەکان".

لەبارەی چارەنووسی شه‌نگال و کەرکوک وتی: "لێژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ چارەسەری کێشەکانیان، بەتایبەتیش کەرکوک کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەگەڵ پێکهاتەکان گفتوگۆ بکات بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک و قایمقامی شه‌نگال و کۆمەڵێک پۆستی تر و لەگەڵ بەغداش هەنگاوی باش نراو".

سەبارەت بە دانانەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، وتی: "حکومەتی هەرێم ئەدای کارکردنی بەلاوە گرنگە بەپێی بەرنامەی حکومەت، نەک وەزارەت".

لەبارەی مووچە فەوتاوەکانیش، وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "ئەو پارەیە لای بەغدایە و بەپێی میکانیزم پارەکە دەدرێتەوە کە ئێستا لای حکومەتی بەغدایە، بەڵام ئەوە وردەکاری دەوێت"