لە بارەی تەكسیەوە بڕیارێك دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە

19/08/2019 - 18:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بڕیاری بەكارهێنانی لۆگۆ بۆ جیاكردنەوەی تەكسی شارەكانی هەرێم، دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەو بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، ماوەی شەش مانگ دانراوە تاوەكو لۆگۆ لەسەرجەم تەكسیەكانی ناوشارو دەرەوەی شار بدرێت.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی سلێمانی،  رایگەیاند: وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر گرێبەستی لێدانی لۆگۆی تەكسی بۆ جیاكردنەوەی تەكسی شارەكان و دەرەوەی شار داوە، ئەگەر بڕیارەكە لەم هەفتەیە نەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا هەفتەی داهاتوو جێبەجێدەكرێت، بۆ هەر لۆگۆیەكیش بڕی ١٧ هەزارو 500 دینار لە شۆفێری تاكسییەكان وەردەگیرێت.

وتیشی: ماوەی شەش مانگ دانراوە تاوەكو لۆگۆ لەسەرجەم تەكسییەكانی ناوشارو دەرەوەی شار بدرێت، كە لۆگۆی سلێمانی رەنگی شینەو هەولێر رەنگی سوورەو دهۆك رەنگی رەشەو دەرەوەی شارەكانیش رەنگی قاوەییە.

سدیق محەمەد بۆ سایتی سلێمانی  راشیگەیاند: بڕیاری لێدانی لۆگۆ بۆ تەكسی گرنگییەكەی ئەوەیە، كە لە دوای جێبەجێكردنی بڕیارەكەوە، تەكسی هێڵەكانی گواستنەوە بۆیان نییە بێنە ناو شارەكانەوە كاری تەكسی بكەن و ئەمەش وادەكات رۆژانە نزیكەی دوو هەزار تەكسی كەمتر بێتە ناو سەنتەری شاری سلێمانییەوەو لۆد لە شەقامەكاندا كەمدەكاتەوە.