نوێترین زانیاری لەسەر نرخی مۆلیدە ئەهلیەكان

22/08/2019 - 18:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

زیادبوونی نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە هەولێر، كاردانەوەی لێدەكەوێتەوەو سەرپەرشتیاری مۆلیدە ئەهلییەكانی ئەو پارێزگایەش ڕایدەگەیەنێت: بەڕێژەی 15%ی قازانج بۆ هەر ئەمپێرێك دەدرێتە خاوەن مۆلیدەكان و دەشڵێت: "نرخی مانگانەی هەر مۆلیدەیەك لەگەڵ مۆلیدەیەكی دیكە جیاوازە".

قارەمان مەولود، سەرپەرشتیاری مۆلیدە ئەهلییەكانی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: هەر مۆلیدەیەك چەند كاتژمێر كاربكات، بەپێی ئەو كاتژمێرانە پارە لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت، هەرچەند زیاتر كاربكەن پارەی زیاتر وەردەگیرێت.

وتیشی:" ناكرێت هاوڵاتیان جیاوازی پارەی كارەبای گەڕەكی خۆیان لەگەڵ گەڕەكێكی دیكە بكەن، تەنانەت نابێت بەراوردی نێوان دوو مۆلیدەش بكرێت، چونكە هەریەكەیان بەپێی كاركردنی خۆیان پارە لەهاوڵاتیان وەردەگرن، تەنانەت كارپێكەری مۆلیدەیەك ڕەنگە چالاك بێت و ڕاستەوخۆ لەدوای نەمانی كارەبای نیشتمانیی كار بەمۆلیدەكە بكات، بەڵام كارپێكەرێكی دیكە ڕەنگە 10 خولەك دوابكەوێت، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی مانگانە دەبێت".

لەبارەی ناڕازی بوونی هاوڵاتیانیش لەنرخی كارەبای مۆلیدە، قارەمان مەولود بۆ سایتی سلێمانی ئاشكرایكرد: كۆتایی هەموو مانگێك لیژنەكانمان سەردانی مۆلیدەكان دەكەن، ڕێژەی كاركردنی كاتژمێری پێوەری مۆلیدەكان و تێكڕای نرخی گازوایل لەو مانگە دیاریدەكرێت، پاشانیش ڕێژەی 15%ی قازانج بۆ هەر ئەمپێرێك دەدرێتە خاوەن مۆلیدەكان، بەو جۆرەش نرخی هەر ئەمپێرێك لەسەر هاوڵاتیان دیاریدەكرێت