لەسەر جۆرە شەربەتێك هۆشداری دەدرێت

24/08/2019 - 12:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


بەهۆی خراپ عەمباركردنیەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر شەربەتدا دەگرن و سەرۆكی لیژنەكە دایكان و باوكان ئاگاداردەكاتەوە.


عیسمەت محەمەد، سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەربە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی خراپ عەمباركردن و گومانی خراپبوون و نەشیاوی بۆ خواردنەوە لە گۆكایەكی ناوچەی فەرەجئاوای شاری سلێمانی‌ لیژنەكە دەستی بەسەر (700) كێس شەربەتدا گرتووه.


وتیشی: شەربەتەكە لە جۆری (فستقە)ە و بەتامەكانی (پرتەقاڵ، قۆخ و هەنار) لە بەغداوە هاوردە كراوە و (16) هەزار و (8) سەد دانەیە، لەلایەن لیژنەهاوبەشەكانەوە نمونەی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كراوە بۆ پشكنین.


ئەوەشی خستەڕوو: ئەمجۆرە شەربەتە لە دوكانی گەڕەكەكاندا زیاتر بە منداڵ دەفرۆشرێت، بۆیە پێویستە دایكان و باوكان زیاتر ئاگاداری ئەوخواردن و خواردنەوانەبن منداڵەكانیان دەیخۆن، رێگریان لێ بكەن لە خواردن و خواردنەوەی خراپ و ماوەبەسەرچوو.


ئاماژەی بەوەكرد: تەندروستی سلێمانی وەڵامی پشكنینەكەی بەنەشیاو بۆ خواردنەوە داوەتەوە، بۆیە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان تەواوی شەربەتەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.