د.هادی عەلی: پێكهێنانی ئەنجومەنێك بۆ هەرێم بە پێویست نازانم

05/09/2019 - 10:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو – هەولێر


سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: لەئێستادا پێكهاتەی دامەزراوەكانی سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەبەر ئەوە پێویست بە دروستكردنی دامەزراوەیەكی تر ناكات.


د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند: تاوەكو ئێستا هیچ كەس و لایەنێك لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەیەك لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ ئێمە نەكردووە.


هەروەها ووتیشی: بەبۆچونی خۆم، لەبەر ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا پێكهاتەی دامەزراوەكانی سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە كە خۆی لە پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم دەبینێتەوە، بەپێویستی نازانم دامەزراوەیەكی تر بۆ هەرێم دروست بكرێت.


سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ ئەوەین كە ئەو دامەزراوە دەستوریانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەهێز بكرێن و پاڵپشتی تەواویان بكرێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە هەربارودۆخێكدا بوو، بتوانن بڕیاری دروست بدەن.


لەسەر كۆبونەوەی حزبەكان بە تایبەت لەئێستادا كە بەشێك لە حزبەكان بەشداری حكومەتن و بەشێكشیان ئۆپۆزسیۆنن، د.هادی عەلی ووتی: هەركات كێشەو گرفت یاخود هەر حاڵەتێكی كتوپڕ لە هەرێمی كوردستان ڕوویدا و پێویستی بە هاودەنگی و هەمانگی نێوان لایەنەكان هەبوو، ئەو كات پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەری زۆرینەی حزبەكانی تێدایە، یاخود سەرۆكایەتی حكومەت یاخود سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانن داوای كۆبونەوەی حزبەكان بكەن، بۆیە ئەو دامەزراوەیەی كە باس دەكرێت لە دەستوردا جێگەی نابێتەو زەروریەت نیە.


جێگەی ئاماژەبۆكردنە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا محەمەدی حاجی مەحمود باسی لە پرسی دامەزراندنی ئەنجومەنێك بۆ هەرێمی كوردستان و ڕایی حزبەكان كرد و ئەوەشی خستەڕوو: ئەو دامەزراوەیە كە پێشنیار دەكرێت لە لایەن مەسعود بارزانیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.