لێدوانه‌كه‌ی وته‌بێژی هه‌رێم شه‌قامی عێراق توڕه‌ ده‌كات و هه‌ڕەشه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ به‌بودجه‌ی ده‌كه‌ن

12/09/2019 - 17:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای لێدوانه‌كه‌ی  وتەبێژى حکومەتى هەرێم كه‌ وتبووى حكومه‌تى فیدراڵ 80 ملیار دۆلار قه‌رزارى هه‌رێمه،‌ له‌ شه‌قانی عه‌ره‌بی كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌  و  هاوپه‌یمانى نه‌سڕ به‌سه‌رۆكایه‌تى حەیدەر عه‌بادى، هه‌ڕەشه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان له‌بودجه‌ى ساڵى داهاتوو كه‌كه‌ن.

یوسف كلابی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى هاوپه‌یمانى نه‌سڕ، به‌میدیاكانى عێراقى وت “لێدوانه‌كه‌ى وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ى هه‌رێم كه‌ له‌ماوه‌ى پێنج ساڵدا كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر حكومه‌تى عێراق، بۆ شاردنه‌وه‌ى دزینى داهاتى فڕۆشتنى نه‌وتى كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانى تره‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پێهه‌ستاوه‌”.

وتیشى، ئه‌و لێدوانه‌ بۆ ڕاده‌ستنه‌كردنى داهاتى نه‌وتى هه‌رێمه‌ به‌حكومه‌تى فیدراڵ و بۆمبێكى ده‌نگیشه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى فڕۆشتنى نه‌وته‌كه‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تى فیدراڵ.

كلابى هه‌ڕە‌شه‌ى ئه‌وه‌شى كرد‌، له‌پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا تۆڵه‌ى لێدوانه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دابه‌شكردنى دادپه‌روه‌رانه‌ى سه‌روه‌ت و سامانى عێراق، ده‌كه‌نه‌وه‌.

پێشتر وتەبێژى حکومەتى هەرێم  له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، به‌هۆى پێنه‌دانى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ حكومه‌تى فیدراڵ 80 ملیار دۆلارى حكومه‌تى هه‌رێم قه‌رزاره‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى وه‌رگرتنه‌وه‌ى له‌به‌غدا ده‌كه‌ن.

.