دژی ھەرێم رێككەوتن ئه‌نجام ده‌درێت

21/09/2019 - 16:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرایدەكات: لایەنە عەرەبییەكان بە شیعە و سوننەوە سەبارەت بە بەشە بودجەی ھەرێم رێككەوتوون، ئەگەر ھەرێم لەگەڵ بەغدا رێكنەكەوێت، باردۆخی بودجەی ھەرێم لە ساڵی ئایندەدا باش نابێت.

سەلیم شوشكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ھەموو لایەنە عەرەبییەكان بە شیعە و سوننەوە لەسەر ئەوە رێككەوتوون، ئەگەر ھەرێم لەگەڵ ناوەند لەسەر پرسی نەوت رێكنەکەوێت، ئەوەی لە مساڵی 2019 بۆ كورد ھەبووە، لە بودجەی ساڵی ئایندەدا بۆ كورد نابێت.

وتیشی: "بابەتی مووچەی فەرمانبەران حەیدەر عەبادییش كاتی خۆی بڕێك پارەی بۆ تەرخانكردبوو، بەپێی دەستوریش فەرمانبەرانی ھەرێم بەشێكن لە فەرمانبەرانی عێراق، ھەرێم بەشێكە لە عێراق، ھیچ بڕگەیەكی یاساییان بەدەستەوە نییە بۆ بڕینی مووچە".

باسی لەوەشكرد: ناوەند دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بە جۆرێكی تر بكەن، ھەرچەندە پێشتر بڕیویانە، بەڵام بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دۆخەکە بەرەو شڵەژان دەبات، چونكە لەگەڵ بوونی پەرلەمانتار و وەزیرانی كورد و سەرۆك كۆمار لە بەغدا، ھیچ پاساوێك بۆ مانەوەمان لەگەڵ عێراق نامێنێتەوە، ئەوەی ئێمەی بە عێراقەوە بەستووەتەوە ئەو بودجەیە.

ئاماژەی بەوەشدا: بەبڕوای من جۆرێك لە رێككەوتن دەبێت، بەڵام مەرج نییە ئەو رێككەوتنە بە دڵی ھەرێم بێت، چونكە ئەگەر دۆسیەی نەوت بەتەواوەتی بەو شێوەیە بێت كە لە دەستوردا دیاریكراوە، كە بەرھەمھێنانی لە دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستانە، بەڵام دەڵێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، ئەو ھەماھەنگییە چۆنە؟ شێوازەكەی چۆنە؟ ئەوە تەفسیری یاسایی خۆی ھەیە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بۆ دواڕۆژ ھێمای بۆ ئەوەش كرد: تەفسیری ئەو مادە دەستورییانەش دەكرێت دادگای فیدراڵی بۆمانی بكات، دەقی دەستورییش راڤەكەی دادگای دەستوریی دەیكات، بە بڕیارەكانی ئەو دادگایەش پابەندین و دەبێت وەكو خۆیان جێبەجێبكرێن و ھیچ گفتوگۆ و تانەیەكیش ھەڵناگرێت، لە ئێستادا ئەوان بۆ تەفسیركردنی ئەو مادانەی باس لە نەوت دەكات لە دادگای فیدراڵی تانەیان داوە، بەپێی ئاماژە و پێدراوەكانیش تیایدا براوە نابێت، دەركردنی بڕیاری دادگاش كراوەتە كارتێكی دانوستان لە نێوان ھەرێم و ناوەند-دا، ئەوان ھەڕەشەی ئەوە دەكەن ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، بڕیاری دادگا وەك خۆی جێبەجێ دەكەین.