سلێمانی... بەتۆمەتی‌ چەند تاوانێكی‌ جۆراوجۆر شەش تۆمەتبار دەستگیركران

08/10/2019 - 11:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت: بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ چەند تاوانێكی‌ جۆراوجۆر، هێزەكانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ شەش تۆمەتباریان دەستگیركرد.

 

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە ڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە، ڕایگەیاند: پاش سكاڵای‌ هاوڵاتییەك كە بڕی‌ هەشت هەزار دۆلاری‌ پێبوەو دواتر حەوت هەزارو ٦٠٠ دۆلاری‌ لێ دزراوە، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەرزنجە لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو توانیان چوار تۆمەتبار دەستگیر بكەن‌و لەماڵی‌ یەكێكیاندا دەستبگرن بەسەر چوار هەزارو ٩٠٠ دۆلاردا.

 

ئەوەشی خستەڕوو: لەئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەكە بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ ٤٤٦ لەیاسای سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون‌و لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەرزنجەوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: لەلایەكی‌ دیكەوەو بەتۆمەتی‌ شێلانی‌ هاوڵاتییەك‌و گیانلەدەستدانی‌، مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ سەیدسادق توانیان شۆفێری‌ ئوتومبیلەكە دەستگیر بكەن و لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی‌ ماددەی‌ ٢٤ی‌ هاتوچۆ ڕاگیراوەو لەلایەن بەشی‌ پۆلیسی‌ سەیدسادق پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە ڕێكخراوە.

 

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو: هاوكات لەسەر بنەمای‌ سكاڵای‌ سێ هاوڵاتیی، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەیدسادقی‌ سەر بەبەشی‌ پۆلیسی‌ سەیدسادق، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە لەڕێی‌ فەیسبوكی‌ ساختەوە تاوانی‌ ناوزڕاندنی‌ هاوڵاتیانی‌ ئەنجامداوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لەئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ ٢ لەیاسای‌ خراپ بەكارهێنانی‌ ئامێرەكانی‌ پەیوەندییكردن ڕاگیراوەو لێكۆلینەوەكان بەردوامەو بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەیدسادق پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەی‌ بۆ دۆسیەكە كردۆتەوە.