زۆرترین زانیاری لەبارەی خەرجكردنی پارەی پلە بەرزكردنەوە

admin 09/10/2019 - 10:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزارەته‌كانی "پێشمەرگە و دارایی" خەریكی ئامادەكارین بۆ پێدانی شایستە داراییەكانی ئەو پێشمەرگانەی لە دوای ساڵی 2016وە پلەیان بەرزكراوەتەوە و پارەكانیان بۆ خەرج نەكراوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ جەمال ئیمینكی، سوپا سالاری پێشمەرگە بۆ باس رایگەیاندووه‌، لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر خەتین بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی پێشمەرگە، وتیشی: "لەسەر پێدانی پلە و خەرجكردنی پارەی پلە بەرزكردنەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر خەتین، خەریكین چارەسەرێك بدۆزینەوە، بەڵام هەندێك كاتی پێویستە".


بەهۆی قەیرانەوە، لە ساڵی 2016 وە وێرای پلەبەرزكردنیەوەیان، بەڵام وەزارەتی دارایی پارەی پلەبەرزكردنەوەی بۆ پێشمەرگە خەرج نەكردووە.


جەمال ئیمینكی روونیكردەوە، میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زۆرە بۆیە بۆ پلەبەرزكردنەوە پارەیەكی زۆری دەوێت، "ژمارەی پێشمەرگە وەكو ژمارەی ناوخۆ و وەزارەتەكانی تری خزمەتگوزاری نیە، ژمارەكە زۆرە، بەڵام پلە بەرزكردنەوە و خەرجكردنی پارەی ئەو پلانەی بەرزكراونەتەوە مافی پێشمەرگەیە و ئێمەش بەردەوام داوای دەكەین و ئەو مافەشیان نافەوتێت".


دڵنیایشیدا، ئەو گرفتانەی بۆ مووچە و پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە بەهۆی قەیرانی دارایی هاتبوونە پێشەوە قۆناخ بە قۆناخ چارەسەر دەكرێن.


لای خۆشیەوە لیوا بەکر سدیق، بەرێوەبەری گشتی ژمێریاری لەوەزارەتی پێشمەرگە به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگەیاندوه‌، گفتوگۆكانی وەزارەتی پێشەرگە و وەزارەتی دارایی بەردەوامی هەیە بۆ خەرجكردنی پارەی پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە.


وتیشی:"بەهۆی قەیرانی دارایی پلە بەرزکردنەوە تەنها بۆ ناونیشان و پلە گۆڕین بووە پارەی زیادبوونی پلەكە خەرج نه‌کراوە، بۆ خەرجكردنی پارەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆداین".


بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە بە گوێرەی پلەكانیان لە نێوان 3 ساڵ بۆ 4 ساڵ، تا دەگاتە 6 ساڵ جارێك، بەگوێرەی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ی ساڵی 2007، مولازم و مولازمی یەك سێ ساڵ جارێك، نەقیب تا عەمید چوار ساڵ جارێك، لیوا تا فەریق شەش ساڵ جارێك پلەیان بەرز دەكرێتەوە.


بەرپرسەكەی ژمێریاری پێشمەرگە، روونیكردەوە گفتوگۆكان پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیووە و هەموو وردەكاریەكانیان پێشكەش بە وەزارەتی دارایی كردووە و چاوەڕوانی دابینكردنی پارە دەكەن.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەوانەی لە دوای 2016 وە 2017 پلەكانیان بەرزكراوەتەوە پارەیان بۆ خەرج نەكراوە.


پارەی هەر پلەبەرزكردنەوەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە نێوانی 40 هەزار دینار بۆ 300 هەزار دینارە.