وته‌بێژی پارتی بۆ كۆمه‌ڵ : قبوڵكراو نییە حیزبێك لەناو حكومەتدا بێت و ئۆپۆزسیۆنیش بێت

12/02/2019 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

]دوای ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆتاییهات و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وته‌بێژی پارتی رایگه‌یاند:قبوڵكراو نییە حیزبێك لەناو حكومەتدا بێت و ئۆپۆزسیۆنیش بێت، له‌به‌رامبه‌ردا وته‌بێژی كۆمه‌ڵ ئاشكرای كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ژده‌ی ئه‌م مانگه‌ ده‌كه‌ین  .

مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی  له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا رایگه‌یاند:  دواكه‌وتووین له‌پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ و هه‌وڵ هه‌یه‌ رۆژی 18ی مانگ رێككاری یاسایی ده‌ستپێبكات و ئێستا له‌قۆناغی دروستكردنى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانداین".

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئێجگار له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، له‌قۆناغی كۆتایی رێككه‌وتنداین له‌باره‌ى پرسی پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێم،قبوڵكراو نییە حیزبێك لەناو حكومەتدا بێت و ئۆپۆزسیۆنیش بێت، بەجۆرێك تا ئەو شوێنە لەگەڵ حكومەت بێت كە خۆی پێیباشە و دوای ئەوە ركابەرایەتیی بكات .

هاوكات رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی ره‌سمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامدا و نیه‌ت و ئیراده‌ هه‌یه‌ بۆ باشتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی و به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ى رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ش ده‌كه‌ین.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، پرسی به‌شداریی یان ئۆپۆزسیۆنبوونمان تائێستا ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌و دوای كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتوو به‌رچاوڕوونیی زیاترمان ده‌بێت.

ن.ش