مەلا كامەران: یەكێتی خۆپەرست و شەڕەنگێزە و خەمی كولێرە چەورەیە

23/02/2019 - 16:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 


بەڕێوبەری حەج و عومرەی سلێمانی هێرشی توند دەكاتە سەر یەكێتی نیشتیمانی و پێی وایە ئەوەی یەكێتی خەمیەتی تەنها خەمی كولێرە چەورەی چەند مشەخۆرێكە و بەهێزێكی خۆپەرست و شەڕەنگێز ناویان دەبات.


مەلا كامەران عەلی كادیری پێشكەوتووی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتارێكدا كە مالپەڕێكی نزیك لە بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردۆتەوە دەنوسێت" ئەم هێزە زۆر خۆپەرست و شەڕەنگێز و چاوچنۆك و حەسودە، خۆ دیارە كە خەمی ئەو تەنها خەمی كولێرە چەورەكەی چەند سەركردە و بنەماڵە و چەند مشەخۆرێكە كە ساڵانێكی زۆرە زۆر سودمەند بوون لە نزیكی و ڕێككەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ پارتی و تا سنوری تەقین، تەقیون بۆیە ئێستا وا ماسیون!".


مەلا كامەران عەلی هەروەك بە یەكێتی دەڵێت" ئاخەر هەموو كەس دەزانێت خاوەنی هیچ پڕۆژە و كارنامە و مەرجێك نەبوون بۆ بەشداریی و شەراكەتتان، جگە لە شەراكەت لەسەر قۆرغكاریی سامانی سەر زەوی و ژێر زەویی ئەو میللەتە بەش مەینەت و ڕەش و ڕووتە، بەپێچەوانەوە ئەمە دوو جارە‌ بزوتنەوەی گۆڕان یەك مەرج و داواكاری بەرژەوەندی تاكە كەسی نەبووە نە بۆ خۆی و نە بۆ هیچ بەرپرس و سەركردەیەكی و بگرە شەڕی پێشمەرگە و جەماوەر و دەنگدەرەكانی تۆش و ئەوانی تریش دەكات".


لە كۆتاییدا نوسیویەتی" ئاخر سەرباری ئەو هەمووە پەیمانشكێنی و دوو ڕووی و ساختەكارییە هێشتا ئێوە خۆتان پێ مەغدور و نیگەرانە؟!".