فوئاد حسێن: لەم مانگەوە پشكی هەرێم بە یاسای نوێ بودجە ڕەوانە دەكەین

03/03/2019 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت لەم مانگەوە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بە پێی یاسای نوێی بودجە ڕەوانە دەكەین.

فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق لە وەڵامی پرسیارێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەراندا سەبارەت بەوەی بۆچی مانگی ڕابردوو بەغدا تەنها 317 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، ڕایگەیاندووە" كە ھێشتا یاسای نوێی بودجە جێبەجێ نەكراوە و ئەوەی رەوانە كراوە بەپێی یاسای كۆن بووە، بەڵام لەم مانگەدا بەپێی یاسای نوێ پشكی ھەرێم رەوانە دەكرێت".

هەر لەوبارەوە ناسر هەركی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە میدیای پارتی وتووە" وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق نووسراوێكی بۆ وەزارەتی بەرگری كردووە و تێیدا داوای لێ كردووە لەسەر بودجەی خۆیان ٦٨ملیار دینار زیاد بكەن، كە پشكی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بۆ مووچە رەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ھەر لەم مانگەوە دەست بە خەرجكردنی بكرێت و مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە رەوانە بكرێت".