هیچ تەكسیەك لەدەرەوەی وێستگەكان بۆی نیە كاربكات

05/03/2019 - 11:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


كوردیو - سلێمانی


بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: پرۆژەی ڕێكخستنەوەی كاری تەكسی بە سێ قۆناغ دەبێت و لەڕێگای ووێستگەی تەكسیەوە دەبێت و كاری سەربەخۆی تەكسی ڕێگەی پێنادرێت.


سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی تایبەت بە كوردیوی ڕایگەیاند: پڕۆژەی رێكخستنی كاری تاكسی لە شاری سلێمانی بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و قۆناغی یەكەم ئەو تەكسیانەی كە هەڵگری تابلۆی سلێمانیین لەزگەی شینیان لێدەدرێت و قۆناغی دووەم هەموو تەكسیەك كارتی كاركردنی گواستنەوەی بۆ دەردەكرێت.


سەبارەت بە قۆناغی سێیەم ووتی: لەقۆناغی سێیەمدا ئەو كەسانەی كە كارتی كاركردنیان بۆ دەردەكەین دابەشیان دەكەین بە سەر 100 وێستگەدا و هەر وێستگەیەك ژمارەیەك تەكسی بەپێی پێویستی گەڕەك و شوێنەكان دادەنێین و هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندییان پێوەبكەن و لە 24 كاتژمێردا بەپێی ڕێكسخستنی كاری وێستگەكان لەكاردا دەبن.


سدیق محەمەد ئەوەشی خستەڕوو: ڕێكخستنەوەی كاری تەكسی لەڕووی كۆمەڵایەتی و ژینگە و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەكان و ئەمنییەوە سودی بۆ هاووڵاتیان دەبێت.


بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد: وێستگەكانی تەكسی دەدرێنە كۆمپانیاو هیچ شۆفێرێك ناتوانێت سەربەخۆ و بەبێ تۆماركردنی لە وێستگەی تەكسی كاری تەكسی بكات.


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر بێت و لەسلێمانی پێویستمان بە 10 هەزار تەكسی هەبێت و بۆ نمونە پێنج هەزار هاوڵاتی كە موچەخۆر نەبن ئامادەی كاركردن بن، ئەوا بۆ پپێنج هەزار تەكسیەكەی دیكە لەڕێگای موچەخۆرانەوە پڕ بكرێتەوە بەمەرجی ئەوەی ئەو مۆچەخۆرانە دیاری بكرێت كە كەمترین موچەیان هەیە.

 

 

 

س ب