پارتی له‌ یه‌كێتی نیگه‌رانه‌ و سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوه

14/03/2019 - 14:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو حزب پارتی و یه‌كێتی رێكه‌وتنێكیان بۆماوه‌ی چوار ساڵ واژوو كرد ، له‌ ئێستادا پارتی له‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی نیگه‌رانه‌ ، سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌و حزبه‌ش ئاشكرای كردووه‌ نیگه‌رانیه‌كانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئاستێكی به‌رز دایه‌ ، له‌لایه‌كی تر وته‌ بێژی پارتی رایده‌گه‌ینێت:سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا ده‌كه‌نه‌وه‌ و ناكرێت هه‌رچاوه‌رێ بین  .
سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، به‌ میداكانی نزیك له‌ یه‌كێتی راگه‌یاندوه‌ ، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگه‌رانی‌ زۆری‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان نیشانداوه‌و ئه‌م نیگه‌رانییه‌شی‌ گه‌یاندۆته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌.
به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی كه‌نه‌یویستوه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌، نیگه‌رانییه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ له‌ئاستێكی‌ به‌رزدایه‌، نیگه‌رانییه‌كانیشی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ پێیانڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ به‌داواكارییه‌كانیدا دیاره‌ نایه‌وێت ڕێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، هه‌ر رۆژه‌و بیانوویه‌ك نیشان ئه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كاره‌كانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت سستی‌ تێبكه‌وێت.
له‌لایه‌كی تر مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، ئەوان لەگەڵ یەكێتیدا هەوڵ و كۆششیان داوە كە هەرچی زووترە خەڵك ئەنجامی سەركەوتن و دەنگدانەكانیان بكەنە واقیع و كاری پێ بكەن دەڵێت"ئەوەش بە پێكهێنانی كابینەی نوێ و دام و دەزگاكانی دیكە و كاراكردنی پەرلەمان تا یاسا دەربچێت و چاودێریی كار و پڕۆژەكانی حكوومەت بكات.
وتەبێژی پارتی بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، پێشتر لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنیان كردووە، تا لە رۆژی هەژدەی مانگ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بكرێت، بەڵام دیار بوو ئەوكات یەكێتی نەگەیشتنە قەناعەت و بەشدار نەبوون، بۆیه‌ ناكرێت ئێمە هەر چاوەڕێ بین، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە شێوازێك، كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دیاری كراوە، بەڕێوە بچێت.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاندوه‌ سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە و  ناكرێت هەر چاوەڕێ بین.
لە بارەى دواین کۆبونەوەشیان لەگەڵ یەکێتى ئاماژەى بەوەکردووە، لە كۆبوونەوەکەدا بەڕاشکاوانە قسەیان كردووە و یەکێتیش پێویستی بەوە بووە، كە بڕۆنەوە و لەسەر ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی لە نێوان هەردولا هەبووە لە ناوخۆی خۆیاندا كۆببنەوە.

ن.ش