كه‌سێك به‌ته‌مای چی بووه‌ ، له‌م باره‌یه‌وه‌ هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌

14/03/2019 - 15:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌تى سلێمانى  ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر گۆشتی به‌ستودا گرتوه‌، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازبووه‌ به‌ نرخی گۆشتی فرێش به‌هاووڵاتیانی بفرۆشێت، داوا له‌ هاووڵاتیانیش ده‌كات له‌كاتی كڕین و بازاڕكردندا دڵنیابنه‌وه‌ له‌سه‌لامه‌تی ئه‌و خۆراكانه‌ی ده‌یكڕن.

 گۆران قادر سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند : له‌ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، لیژنه‌ی یه‌ك له‌ فولكه‌ی مامه‌ڕیشه‌ی ناوشاری سلێمانی ده‌ستیان به‌سه‌ر 100 كیلۆگرام گۆشتی هاورده‌كراوی به‌ستودا گرتوه‌، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیاز بوه‌ به‌نرخی فرێش به‌ هاووڵاتیانى بفرۆشێت، ئه‌و گۆشته‌ی ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، لیبڵی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بوه‌ و خاوكرابوه‌وه‌ و له‌ناو عه‌لاگه‌ و زه‌رفی گه‌وره‌‌ له‌سه‌ر شۆسته‌ی دوكانێكی داخراو دانرابو، له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر گۆشته‌كه‌دا گیراوه‌ و ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی كراوه‌ بۆ له‌ناوبردن.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌ت هاووڵاتیانی شاری سلێمانی ئاگادارده‌كاته‌وه‌ له‌كاتی كڕین و بازاڕكردندا دڵنیابنه‌وه‌ له‌ سه‌لامه‌تی ئه‌و خۆراكانه‌ی ده‌یكڕن و به‌كاریده‌هێنن، له‌ كاتی بونی گومانیش له‌ هه‌ر كاڵا و شمه‌كێك، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

ن.ش