ڤیدیۆ .. له‌ هه‌ولێر پارێزه‌رێك هاوڵاتیه‌ك ده‌كوژێت

14/03/2019 - 16:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئێواره‌ی (12) ئه‌م مانگه‌ له‌ گه‌ره‌كێكی شاری هه‌ولێرسێ كه‌س كه‌ یه‌كێكیان پیشه‌ی پارێزه‌ره‌ به‌چه‌ك   هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵێك و خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ كه‌ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌ و باوكی منداڵێكه‌ ده‌یكوژن و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار راده‌كه‌ن.

كه‌سوكاری كوژراوه‌كه‌  راگه‌یاند: هۆكاری كوشتنه‌كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی موڵكداری بووه‌. دووان له‌ بكوژه‌كان مامی هاوسه‌ری كوژراوه‌كه‌ن. یه‌كێكیشیان ئامۆزای باوكی هاوسه‌ری كوژراوه‌كه‌یه‌.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی وته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی، (گ.ی.هـ)ی ته‌مه‌ن 25 ساڵ باوكی منداڵێكه‌ و له‌ ماڵی خۆیاندا بووه‌، بكوژه‌كان به‌ ناوی بردنه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ سه‌ردانیان كردوون. هاوسه‌ری كوژراوه‌كه‌ رازی نه‌بووه‌ بچێته‌وه‌ له‌گه‌ڵیان، ویستوویانه‌ به‌ زۆر بیبه‌نه‌وه، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵێ له‌ نێوانیان درووست بووه‌، بكوژه‌كان، هه‌وڵیانداوه‌، دوای ئه‌وه‌ی برایه‌كیان كۆچی دوایی ده‌كات، ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵی برازاكه‌یان، كه‌ ده‌كاته‌ (هاوسه‌ری كوژراوه‌كه‌)دا بگرن.

به‌گوێره‌ی  گرته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌. وه‌ك له‌ دیمه‌نه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، دووان له‌ بكوژه‌كان، ته‌قه‌ له‌ (گ.ی.هـ) ده‌كه‌ن و ده‌یكوژن. دواتر وه‌ك له‌ كامێرای چاودێری ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان راده‌كه‌ن.

هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، كه‌سه‌كان ناسراوون و پۆلیس په‌ڕاوی بۆ رووداوه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ مادده‌ی 406 له‌ یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ 111ی ساڵی 1969، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركردوون.

 

ڕەنگاڵە