هەوڵ دەدرێت ئاستەنگ بۆ ناردنی پشكی هەرێم لە بودجە دروستبکرێت

14/03/2019 - 18:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێـت، رادەست نەكردنی نەوتی هەرێم بەحكومەتی ناوەندی، نیگەرانی لایەنە عیراقیەكانی لێكەوتوتەوە بەو هۆیەشەوە هەوڵ دەدرێت ئاستەنگ بۆناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق دروست بكرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاندووە، لەدواین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای نەوت و گازی هەرێم باسلەوەكراوە كەنەوت رادەستی بەغداد ناكەن.

وتیشی، ئەو هەواڵە گەیشتوەتە هەندێك لە لایەنە سیاسیەكانی عێراق هەر بۆیە هەوڵی بەلارێدابردنی بڕگەی جیم لەمادەی 10 ی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆساڵی 2019 دەدرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواشی كردووە، بەرپرسانی هەرێم پەلە بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.