سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌ و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان:دوو مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران خەرج دەكرێت

shko 24/03/2019 - 08:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌ و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان پێشبینی دەكات لەمساڵدا دوو مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران خەرج بكرێت و دەشڵێت: “لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەشێكی قەرزی مووچەخۆران دەدرێتەوە”.

د. ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری زانیاری ‌و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان، رایگەیاندوە : دوای بڕیاری لابردنی پاشەكەوتی مووچە بەگشتی چاوەڕوان دەكرێت بوژانەوەیەكی باشتر ڕوو لەهەرێمی كوردستان بكات، چونكە ئەو بڕە پارەیەی دەكەوێتە بازاڕ كاریگەری خۆی دەبێت.

وتیشی، “متمانە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست بووە، بۆیە پێشبینی دەكەم هەر لە مساڵدا لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لەو قەرزانەی مووچەخۆران، كە لەلای حكومەتە بدرێتەوە ‌و ڕەنگە مانگێك یان دوو مانگی پاشەكەوت بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە ‌و خەرج بكرێت”.

خۆشناو ئاماژەی بەوەشكردووە، بابەتی بەهەژماركردنی بانكی بڕە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەمێكە ئێمە پێشنیارمان كردووە بۆ حكومەت، چونكە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بریتییە لەمافێكی دارایی ‌و یاسایی نە دەگۆڕێت‌ و نە كۆن دەبێت‌ و نە ئیلغا دەبێتەوە ‌و مافێكی فەرمانبەرانە لەسەر حكومەتی كوردستان جا ئەم حكومەتە بێت یان حكومەتێكی تر بێت، بۆیە هەر دەبێت بدرێتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، باشترین شت بەلای ئێمەوە ئەوەیە، كە هەژمارێكی بانكی بۆ فەرمانبەران بكرێتەوە ‌و فەرمانبەر لەڕێگەی هەژمارەكەوە قەرزەكانی حكومەتی پێ‌ بداتەوە لە نموونەی پێشینەكان‌ و خزمەتگوزارییەكان.

سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌ و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان دڵنیایی ئەوەیدا، كە هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەگشتی ‌و مووچەخۆران بەتایبەتی بكرێتەوە لەلایەن حكومەتەوە.