بەغدا و هه‌رێم له‌سه‌ر موچه‌ی چوارمانگی پێشمه‌رگه‌ رێكه‌وتن

15/04/2019 - 15:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
 
هه‌ردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە گه‌یشتنه‌ رێكەوتن بۆ ناردن و خەرجكردنی موچەی پێشمەرگە.
 
فالح عیساوی پەرلەمانتاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند: بەپێی ئەو زانیاری و بەدواداچوونانەی كە لەوەزارەتی بەرگری عیراقەوە دەستمكەوتووە، وەزارەتی بەرگری كۆمەڵێك رێكاری بۆ خەرجكردنی 68 ملیار دیناری وەزارەتی پێشمەرگە دیاریكردوە كە ئەو رێكارو رێوشوێنە یاسایی و كارگێڕییانە كاتی زۆری دەوێت بۆئەوەی جێبەجێی و ئامادە بكرێت.
 
وتیشی:"بۆیە ئێستا بەپێی نوێترین رێكەوتنی نێوان وەزارەتەكانی بەرگری و پێشمەرگە، پارەی موچەی پێشمەرگە بەبێ هیچ رێكارێك بۆماوەی چوار مانگ خەرج دەكرێت و رەوانەی هەرێم دەكرێت، بەڵام دەبێت لەو (4)مانگەدا وەزارەتی پێشمەرگە ئەو رێكارانەی وەزارەتی بەرگری جێبەجێبكات".
 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ زیاتر بۆ تۆری هه‌واڵی لێمانی وتی"وەزارەتی پێشمەرگە دواكەوتووە لە ئامادەكردنی لیستی موچەی پێشمەرگە، بۆیە بەمەبەستی دوانەكەوتنی زیاتری ناردنی 68 ملیار دینارەكە، بۆماوەی چوار مانگ ئەو پارەیە لەگەڵ موچەی فەرمانبەران رەوانە دەكرێت و دواتر دەبێت ئەو لیستە ئامادە بكرێت".
 
لەبارەی وادەی ناردنی پارەی موچەی پێشمەرگەش، فالح عیساوی ئاشكرایكرد، ناردنی پارەكە تەنها رەزامەندی وەزارەتی دارایی عیراقی ماوە.
 
هەفتەی رابردووش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕی بە خەرجكردنی موچەی چوار مانگی وەزارەتی پێشمەرگە.