فوئاد حسێن له‌دادگای فیدراڵی سكاڵا له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیری داد ده‌كات

15/04/2019 - 16:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دادگاى فیدراڵى ئاشكرایكرد كه‌ تاوتوێى سكاڵایه‌كى یاسایی كردووه‌ كه‌ فوئاد حسێن وه‌زیرى دارایی له‌دژى محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و وه‌زیرى داد تۆماری كردووه‌و بڕیار دراوه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌یسه‌ بۆ چوونى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگیرێت.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا دادگاى فیدراڵى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئه‌و سكاڵایه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیرى داراییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ یاسایى چاكسارى گیراوان بووه‌ كه‌ گوایه‌ چه‌ند ماده‌یه‌كى ئه‌و یاسایه‌ ده‌ستوریى نییه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و ماددانه‌ى په‌یوه‌ندارن به‌ خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ى خواردن بۆ پاسه‌وانانى ئه‌و چاكسازیانه‌.

ئه‌یاد سامۆك وته‌بێژى دادگاى فیدراڵى عێراق ئاشكرایكرد كه‌ دادگا بڕیاریداوه‌ بۆچونى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق وه‌ربگیرێت بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت كه‌ تا چه‌ند ئه‌و یاسایه‌ به‌ر له‌ په‌سه‌ندكردنى ده‌ستكارى كراوه‌ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ هه‌بووه‌ كه‌ حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مانى ناردووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ كه‌ دانیشتنى دادگا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ دواخراوه‌ بۆ 6ى مانگى ئایارى داهاتوو تا ئه‌و كاته‌ى سه‌رۆك وه‌زیران رونكردنه‌وه‌یان پێده‌دات له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه‌.