ڕێكەوتنێكی بازرگانی لە نێوان هەولێر و توركیا واژۆكرا

15/04/2019 - 16:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


ئەمڕۆ دوو شەممە بە فەرمی ڕێكەوتنێك واژۆكرا لە نێوان ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان و ژوری بازرگانی گەبزە، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەكان.


لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان، ووتی:" شارۆچكەی گەبزە بەناوبانگە و دووەم شارە لە هەناردەكردن و بوونی كارگەی گەورە و بەتوانا. ئەمڕۆش ژووری بازرگانی ئەوێ لێرەن و رێككەوتننامەیەكمان واژووكرد بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەكان و هیوادارین كە بازرگانان بتوانن پەیوەندیی بازرگانی دروست بكەن كە ئامانج لێی خزمەتكردنی بازرگانییە .


وتیشی" ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە بریتییە لەوەی پەیوەندی دووقۆڵیمان هەبێت و ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان بكەین دەربارەی بازرگانی و بتوانین ئاسانكاری بۆ بازرگانان و خاوەنكاران بكەین.


هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی گەبزە، نایل چیلەر گوتی: "ئەمڕۆ لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لێرەین، سەرەتا بازرگانانی ئێمە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ شوێنەكە دەكرێت لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان".