پازده‌ هه‌زار زیاد كراوه‌ .. سعودیه‌ ژماره‌ی حاجیانی عێراق و هه‌رێمی زیاد كرد 

24/04/2019 - 17:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دواى ئه‌وه‌ی سعودیه‌ بڕیاریدا به‌ زیادكردنى ژماره‌ى حاجیانى عێراق و پشكى هه‌رێم له‌و زیادكردنه‌ زیاتر ده‌بێت له‌ دوو هه‌زار حاجی.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حكومەتى هەرێمی کوردستان راگەیاند: "له‌دواى سه‌ردانه‌كه‌ى عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وڵاتى سعویە بڕیاردرا بە زیادکردنی پشکی ساڵانەی حاجیانی عێراق له‌ 35 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 50 هه‌زار".

ئاشكراشیكرد: له‌ ئێستادا شاندێكى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدايان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستى زانینى پشكى هه‌رێم له‌و زیادكردنه‌، به‌ڵام به‌پێى هه‌موو پێوه‌ره‌كان و ئه‌وه‌ى روونه‌ لاى وه‌زاره‌تى ئەوقاف زیاتر لە دوو هه‌زار حاجی بۆ هەرێمی کوردستان زیاددەکرێت، به‌مه‌ش ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە چوار هه‌زار 880 كه‌سه‌وه‌ بۆ 7 هه‌زار كه‌س زیاد ده‌كرێت.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حكومەتى هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: تاوه‌كو ئێستا نازانرێ ئه‌و زیادكردنە بۆ ئه‌مساڵ ده‌بێت، یاخود بۆ ساڵانى داهاتووش، ئه‌وه‌ش روون نییه‌ ئەو ژمارە حاجییەی بۆ هەرێمی کوردستان زیادکراوە، دەکرێن بە بازرگانی یان تیروپشکیان بۆ دەکرێت.