"ئاسایش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌رێم ڕاگه‌یاند كه‌ "هیچی كه‌متر نیه‌ له‌تیرۆر

28/04/2019 - 11:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ئاسایشی‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بازرگانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی راگه‌یاند و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌هێشتنی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانیش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرا ده‌كات .
 

له‌مباره‌یه‌وه‌ عه‌مید جه‌لال ئه‌مین به‌گ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌هێشتنی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا  رایگه‌یاند: به‌هاوكاری‌ ئاسایشی‌ هه‌ولێر، توانراوه‌ بازرگانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیربكرێت.

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر سێ‌ كیلۆو نیو تریاكدا گرتوه‌و كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ بازرگانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌و له‌ساڵی‌ 1980وه‌ له‌ئێران ده‌ژی‌ و به‌ڕه‌گه‌ز عیراقیه‌، ماوه‌ی‌ ساڵێكه‌ هاتۆته‌وه‌ كوردستان‌و له‌شاری‌ هه‌ولێر داده‌نیشێ‌.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌:  له‌مساڵدا توانراوه‌ په‌نجا بازرگان و به‌كارهێنه‌ری‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ده‌ستگیربكرێن، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ تائێستا له‌نێوان ئاسایشه‌كانی‌ هه‌رێمدا كه‌مترین زانیاریی‌ به‌یه‌كتر دراوه‌و له‌هه‌ولێرو سلێمانیش ده‌یان حاڵه‌تمان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌ وه‌كو ئاسایش.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌هێشتنی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌شی‌ له‌سه‌ر هه‌رێم ئاشكراكردو ده‌ڵێت:زۆر به‌داخه‌وه‌ بازرگان و به‌كارهێنه‌ری‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌هه‌رێمی‌ كوردستان زیادیكردوه‌، ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بڕوات چه‌ند ساڵێكی‌ دیكه‌ ده‌بێت به‌دیارده‌و ئه‌وه‌ش مه‌ترسی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر هیچی‌ كه‌متر نییه‌ له‌تیرۆر.