یه‌كێتی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

13/05/2019 - 10:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پارتی دیموكرات به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پێشووی حه‌شدی شه‌عبی، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستێكی باڵا له‌موسڵ ده‌دات، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ هه‌بێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی جێگری پارێزگارو ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت: كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بایكۆت ده‌كه‌ین.

گه‌لاوێژ عه‌لی ئه‌مین، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ پارتی هیچ دانوستانێكمان نه‌كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی پۆستی جێگری پارێزگار وه‌ربگرین، به‌ڵام پارتی له‌گه‌ڵ كوتله‌ عه‌ره‌بییه‌كان و فالح فه‌یاز سه‌رۆكی پێشووی حه‌شدی شه‌عبی ڕێككه‌وتووه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ مه‌نسوڕ مه‌رعی بده‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار.

وتیشی:" بۆ جێگری یه‌كه‌می پارێزگاریش، پارتی كه‌سێكی كاندیدكردووه ‌و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كانیش رێككه‌وتووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی یه‌كێتی، گه‌لاوێژ عه‌لی ئه‌مین ئاشكرایكرد: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ین.

 

 

 

 

snn