كادیرێكی حزبی سۆسیالست ڕفێندرا

13/05/2019 - 14:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە گوندێكی سەر بە قەزای خانەقین، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كادرێكی حزبی سۆلیالیست دیموكراتی كوردستان دەڕفێنن و برایەكیشی بریندار دەكەن.

مەڵبەندی خانەقینی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكیشی بۆ كوردیو رەوانە كراوە ، ڕایگەیاندووە " شەوی ڕابردوو ۱۲/٥/۲۰۱۹، چەكدارانی حەشدی شەعبی چوونەتە سەر گوندی (ئەحمەد تاهیر سورە مەیلی) و، دەستیان كردووە بە تەقەكردن و دواتر هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی (ڕەشید ئیبراهیم مستەفا) ئەندامی مەڵبەندی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە خانەقین".

لەراگەیاندراوەكەدا ئاماژە بۆئەوەشكراوە "لەو هێرشەی حەشدی شەعبیدا برا گەورەی ناوبراو بەناوی (نەجم ئیبراهیم مستەفا) كە كادرێكی پێشكەوتووی حزبە بریندار بووە و برایەكیشی بەناوی (دلێر نەجم ئیببراهیم مستەفا) بەدیلی كەوتووەتە دەست هێزەكەی حەشدی شەعبی پاشان سەیارەكەشیان سووتاندووە".


لە ڕاگەیەندراوەكەدا حزبی سۆسیالست باس لەوەشكراوە "دوای ئەوەی كادر و ئەندامانی سنووری مەڵبەندی خانەقینی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بەرگرییەكی باش لە خۆیان دەكەن، بەڵام هێزەكەی حەشدی شەعبی تا ئێستا ناوچەكەیان گەمارۆ داوە و تاكوو ئێستا (دلێر نەجم ئیبراهیم) بێسەروشوێن".