سەفین دزەیی:ئەگەر رێككەوتین موچەی سێ مانگ دەدرێتەوە فەرمانبەران

20/05/2019 - 11:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و بۆ ئەوەی موچەش بكەوێتەوە سەر سكەی خۆی، دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پێویستە، بەڵام حكومەتی هەرێم لەبەردەستیدا نییە".

سەفین دزەیی بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی "حكومەتی عیراق لە ساڵی 2019 سێ موچەی ناردوە، كە بێ پاشەكەوت دابەشكراوە، یەك موچە بۆ مانگی 12ی 2018 بەبێ پاشەكەوت دراوە، بۆ ئەو سێ مانگەش كە ئێستا موچە دواكەوتوە واتە پێدانی موچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، كە موچەی سێ مانگەكەی پێ بدرێت و موچە رێك بێتەوە و بكەوێتەوە سەر سكە، ئێستا ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست حكومەتی هەرێمدا نییە، هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتن كە حكومەتی عیراق بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ئەو ماوەیەی لە هەرێمی بڕی لە 2014وە بداتەوە هەرێم، ئەگەر گەیشتینە رێككەوتن ئەوكات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".

دەربارەی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی وتویەتی "حكومەتی هەرێم ماوەی ساڵێك زیاترە بەنوسراو، بەفەرمی، بە لێدوان و قسەش ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی كێشەی نەوت، بەڵام دەبێت بەغدا كاتی كۆبونەوەكە دیاریبكات، هەرێمی كوردستان لەڕووی پرەنسیپەوە هیچ كێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە، كە ئەو بڕە نەوتە رادەستی بەغدا بكات، بەڵام كۆمەڵێك بابەتی تر هەیە، كە پێویستە لەو پڕۆسەیەدا چارەسەربكرێت، واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان چ ئێستا چ لە كابینەی داهاتوو لەسەر ئەو دۆسیەیە ئامادەیە گفتوگۆیەكی جدی بكات و چارەسەرێكی بنەڕەت و گونجاو بدۆزێتەوە تا بتوانرێت ئەو دڵەڕاوكێیە و ئەو گرفتە و ئەو مقۆ مقۆیە نەهێڵرێت، كە هەندێك لایەن نانی خۆیانی پێدەخۆن لە پەرلەمانی عیراق بەتایبەت حزبە عیراقییەكان".