مه‌ترسی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌یه‌

22/05/2019 - 10:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێكی لیژنەی وەزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاند ئەگەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان 250 هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانه‌ رادەستی حكوومەتی عیراق بكات، دەبێت عیراق شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان بدات، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھۆشداری ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئەگەر ھه‌رێم نەوت رادەستی بەغدا نەكات ئەوا مووچەی فەرمانبەران دەكەوێتە مەترسییه‌وه‌.

‌گولیزار رەشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند: له‌كاتێكدا ئەگەر ھەرێم پابەند بێت بە رادەستکردنی ئەو برە نەوتەی رۆژانه‌ بۆی دیاریكراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه‌، لە بەرامبەردا بەغداش ده‌بێت ئه‌ركی خۆی له‌ پێدانی شایستە داراییەکانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان جێبه‌جێ بكات، چوكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، ئه‌مه‌ رێككه‌وتنێكی دوولایه‌نه‌ و هه‌ردوولا ئه‌رك و مافه‌كانیان تێیدا دیاریكراوه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان، زۆرجار ھۆشداری ئەوەیان داوە، ئەگەر ھەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەستی حکومەتی عیراق نەکات، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم جارێکی دیکە دەکەوێتە مەترسی، بێ ئەوەی باسی ئەو پابەندبوونەی عیراق بکەن، کە پێویستە دوای رادەستکردنەکە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ھەیبێت.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا به‌ختیار شاوه‌یس، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌ینێت: پێویسته‌ خویندنه‌وه‌یه‌كی وردتر بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پرسێكی هه‌ستیاره‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019ی عیراق، ته‌نیا تا ساڵی 2020 به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و پرسه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ بژێوی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ سه‌نگی هه‌ستیارییه‌كه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت.