دارایی عیراق رونکردنەوە لەبارەی ناردنی سێ موچەوە دەدات

23/05/2019 - 10:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران رونکردنەوە لەبارەی لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە ناردنی موچەی نەدراوی چەند ساڵی رابردوو بۆ رێکخستنەوەی موچە لەئەمساڵدا دەدات و ئەندامێکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت، دانەوەی ئەو موچە نەدراوانە لەئەستۆی حکومەتی ھەرێمە.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران بە ماڵپەی سلێمانی ڕاگەیاندوە: لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە ھەرێمی کوردستان خۆی نەوتی فرۆشتوەو داھاتەکەی بۆ بەغدا نەگەڕاندۆتەوە و لەبەرامبەریشدا بەردەوام موچە و بودجەی بۆ رەوانەکراوە.

ڕونیشیکردەوە، پێدانی موچە نەدراوەکانی فەرمانبەران ئەرکی حکومەتی ھەرێمە نەک حکومەتی عیراق، ئەو موچەنەدراوانەی فەرمانبەران دەبێت حکومەتی ھەرێم بیداتەوەو ئەوەی کەباسیش دەکرێت کە گوایە ئەرکی بەغدا بۆ خۆدوورخستنەوەیە لە بەرپرسیارێتی.

ئاشکراشیکرد، دەتوانرێت حکومەتی ھەرێم داوای ھاوکاری لە بەغدا بکات بۆدانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان یاخود موچە نەدراوەکان و رێکخستنەوەی، بەڵام بەھەمو شێوەیەک ھەرێم بەرپرسیارە لەو موچانەی کە پێشتر نەدراوە یاخود ھەر ھەنگاوێک کە ئامانج لێی رێکخستنەوەی موچەبێت لەھەرێمی کوردستان دەبێت حکومەتی ھەرێم ھەنگاوی بۆ بنێت.

لێدوانەکەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران، لەوەڵامی قسەکانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمە کە رایگەیاند: ھەرێم بۆ پێدانی موچەی ئەو سێ مانگەی ئەمساڵ پێویستی بە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینارە تاموچە ڕێک بێتەوە، ئەو بڕە پارەیەش لەبەردەست حکومەتی ھەرێم نیە، ھیوادارین لەگەڵ بەغداد بگەینە ڕێککەوتن کە حکومەتی عیراق بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ئەو ماوەیەی لەھەرێمی بڕی لە ٢٠١٤ بداتەوە ھەرێم، ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن ئەوکات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران.