پارتی مەرجی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا دەخاتەڕوو

23/05/2019 - 11:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئارام باڵەتەیی ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز و وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەندامێكی كوردی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق مەرجی هەرێم بۆ رادەستكردنی نەوت بە بەغدا ئاشكرا دەكات و دەشڵێت: دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، هەولێر و بەغدا لە سەر پرسی نەوت كۆدەبنەوە.

ئارام باڵەتەیی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز و وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی وتووە: "رۆژی چوارشەممە وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵمان كۆبووەوە، هاتنەكەی بۆ ئەوە بوو كە چی بكەین لە ‌نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی لەسەر پرسی نەوت ڕێك بكەوین، چونكە هەندێك پەرلەمانتاری عەرەب و هەندێك هێزی سیاسی قسەی جیاواز لەسەر ئەو پرسە دەكەن، بۆیە بڕیارە لەدوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا كۆبوونەوە بكرێت".

وتیشی: "هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕادەستكردنی نەوتەوە مەرجی هەیە،‌ یان دەبێ حكوومەتی عێراق پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان لە كوردستان بدات، یان دەبێ بەو نەوتەی كوردستان خۆی دەیفرۆشێت پارەی ئەو كۆمپانیایانە بدات، نابێ ئێمە نەوت ڕادەستی بەغدا بكەین، ئەویش ئامادە نەبێت پارەی كۆمپانیاكان بدات".

باڵەتەیی ئەوەیشی خستە ڕوو: "دەبێ هەرێمی كوردستان و بەغدا لێك تێبگەن، كە كێ ئەو پارەیە دەدات؟ ئەگەر هەرێمی كوردستان بیدات، كەوایە دەبێ نەوت بفرۆشین، تا قەرزەكان و پارەی كۆمپانیاكان بدەین، ئەگەر بەغدا دەیدات ئەوە بابەتێكی دیكەیە و قسەی خۆمان دەكەین."

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا ڕایشیگەیاند: "كورد نوێنەری لە كۆمپانیای سۆمۆ نییە و تا ئێستاش مامەڵەی نەوتمان لەگەڵ بەغدا نەبووە كە بزانین دەبێ نوێنەرمان لەو كۆمپانیا هەبێت، یان نا؟ چونكە هێشتا بڕیارمان نەداوە كە مامەڵە لەگەڵ سۆمۆ دەكەین، یان نا؟ چونكە لە بەغداوە هێشتا عەقڵیەتێكی مەركەزی هەیە، بۆیە جارێ گرفتمان ئەوەیە كە دەبێ ئالیەتێك لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە بدۆزرێتەوە."