قەڵادزێ... تۆمەتبارێك دەستگیر كرا،حەوت دەفتەر دۆلاری دزیووە

25/05/2019 - 12:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


پۆلیسی ڕاپەرین ڕایدەگەیەنێت هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی ناحیەی (ئیسێوە)ی سەر بە قەزای پشدەر تۆمەتبارێیان دەستگیركردوە حەوت دەفتەر دۆلاری دزیووە.


لەراگەیەنراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە پۆلیسی راپەرین ئاماژەی بەوەداوە" هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی ناحیەی (ئیسێوە)ی سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ) لە گوندی (قندۆڵ) تۆمەتبارێكیان بەناوی ( ش . ح . ح) لە دایك بووی ساڵی 1988 دانیشتووی هەولێر گوندی (سێبەردان) دەستگیر كرد كە تۆمەتبارە بە دزینی 70،000$ حەفتا هەزار دۆلاری ئەمریكی و چەكێكی جۆری (ویزە) لە شاری هەولێر"


ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو تۆمەتبارە پاش ئەنجامدانی تاوانەكەی بەرەو ئێران ڕایكردووە و دوای بەدەستهێنانی زانیاری لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر شەوی ڕابردوو ویستویەتی بە شێوەیەكی نایاسایی لە ڕێگەی سنورەكانی قەزای پشدەر بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام دەستبەجێ دەستگیر كرا."

راشیگەیاندوە" دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارەدا بەوتەی خۆی خێزانێك لە گەڕەكێكی شاری هەولێر بە نیاز بوون بۆ گەشتوگوزار بچنە دەرەوە و پاش ئەوەی سەفەر دەكەن دەچێتە ماڵەكە و بە هاوكاری یەكێك لە ئەندامانی باندەكە بڕی 70،000$ كە دەكاتە 7 دەفتەر و چەكێكی جۆری (ویزە)ی دزیووە.

ئەو تۆمەتبارە پێشتر لە لایەن پۆلیسی هەولێر لەگەڵ دوو تۆمەتباری تر بە بڕیار دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بەڵام ڕایكردووە بۆ ئێران و پاش گەڕانەوەشی لە لایەن بنكەی پۆلیسی ناحیەی (ئیسێوە)ی سەر بە قەزای پشدەر دەستگیر كرا، پێشتریش دوو تۆمەتبارەكەی تر لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر (مكافحە) دەستگیر كراون و ڕادەستی پۆلیسی هەولێر كراونەتەوە.

دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگیركردنی بە ماددەی 443 لە یاسایی سزادانی عێراق، دوای تەواو بوونی ڕێوشوێنی یاسایی ئەو تۆمەتبارە ڕادەستی پۆلیسی هەولێر دەكرێتەوە، مەلەفی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.


أ.س