دواین زانیاری لەسەر نەجمەدین کەریم بزانە

25/05/2019 - 12:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنانی بڵاویکردەوە، نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک، هێشتا لە لوبنانە و دەستبەسەر پاسپۆرتە ئەمرکییەکەیدا گیراوە و ڕێگەی پێ نادەن گەشتی دەرەوە بکات، تا دۆسیەکەی لە بەغداوە دەگاتە دەست دادگای لوبنان.

ڕۆژنامەکە لە ژمارەی ئەمرۆیدا شەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، نەجمەدین کەریم کە لە ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕەفیق حەریری لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیر کرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ ڕۆژی دواتر ئازادیان کردو ڕێگەی گەشتکردنیان لێگرتووە و دەستیشیان بەسەر پاسپۆرتە ئەمریکییەکەیدا گرتووە.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هۆکاری ڕێگریکردن لە گەشتی نەجمەدین کەریم بۆ ئەوەیە، دەسەڵاتدارانی لوبنان لە چاوەڕوانی ناردنی دۆسیەی دادوەرییەکەی ناوبراون بۆ بەیروت، بە مەبەستی سەیرکردن و بڕیاردانی پێویست لەوبارەیەوە بۆ ئەوەی ڕادەستی دادگای عێراقی بکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، بەغدا هەموو هەوڵەکانی هەولێر ڕەتدەکاتەوە لە پێناو ئازادکردنی نەجمەدین کەریمدا، چونکە ناوبراو لە لایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوە نەک دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوەی دەگوترێت کە بەغدا دەیەوێت بە پەلە پارێزگاری پێشووی کەرکوکی ڕادەستبکرێتەوە دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت دادگا ڕێچکەی خۆی بگرێت.

بە وتەی ڕۆژنامەکە نەجمەدین کەریم لە لایەن دادگای عێراقەوە چەند تۆمەتێکی ئاراستەکراوە، لە دیارترینیان دۆسیەی ئەمنی و داراییە.

بە وتەی ڕۆژنامە لوبنانییەکە کە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، ئاماژە دەکات بەوەی ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی خەریکی ناوبژیوانییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنانیدا بۆ ئازادکردنی نەجمەدین کەریم، ئەویش بەهۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی کە لەگەڵ حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبناندا هەیەتی.