ئەندامێكی لیژنەی دارایی: بەغدا ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت

25/05/2019 - 13:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئه‌ندامێكی لیژنەی دارایی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دەڵێت "لە هیچ بارودۆخێكدا بەغدا ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ببڕێت، چونكە بە یاسا پارێزراوە".داوا لە هەرێم و بەغداش دەكات كێشە نەوتیەكانی نێوانیان چارەسەربكەن.

ئەحمەد حاجی رەشید لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: "مادەیەكی دەستوری هەیە، كە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە و حكومەتی فیدراڵی ناچاردەكات بەردەوام بێت لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی كاتە دیاریكراوەكان و نابێت یاری بە بژێوی هاووڵاتیانەوە بكات".

ناوبراو دەشڵێت "مادەی 10ی یاسای بودجە رێگە لە هەر كەسێك دەگرێت موچە ببڕێت و نەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان، تەنانەت ئەگەر حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت رادەستی ناوەند نەكات".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەكردوە، هاووڵاتیانی كورد بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی بڕینی موچەوە روبەڕوی پەستانێكی دەروونی زۆر بونەتەوە، داواش لە بەغدا و هەولێر دەكات دوور لە دەزگاكانی راگەیاندن كێشەكانیان تایبەت بەهەناردەی نەوتی خاو چارەسەربكەن.