مەلا بەختیار بانگەوازێک ئاڕاستەى مەسعود بارزانى و کۆسرەت ڕەسوڵ دەکات

27/05/2019 - 01:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

مەلا بەختیار لەبارەى جەنگى نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، بانگەوازێکى ئاڕاستەى مەسعود بارزانى و کۆسرەت ڕەسوڵ کرد و سەرکردەى حیزبە کوردستانییەکان کرد، لەوبارەیەشەوە داواى کۆبوونەوەى فراوانى حیزبەکان دەکات.

.

لە بارەى ئەگەرەکانى ئەو جەنگەى لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا باس دەکرێت، مەلا بەختیار لێپرسراوى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەکێتى ڕایگەیاند: “ئایا میللەتەكەمان، ئاگامان لەخۆمانە؟ كۆبوونەوەی فراوانی حزبەكان كراوە بۆ تەداروكی ئەم بارودۆخە، بۆ بیركردنەوەی قوڵ‌ و لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە؟ پەرلەمانی كوردستان، حزبەكانی كوردستانی بانگكردووە بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بارودۆخە هەبێت؟ بەتایبەتی یەكێتی‌و پارتی كە هێزمان هەیە ئایە لەگەڵ حزبە عیراقییەكان دانیشتووین؟، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بارودۆخەو مەترسییەكانى”.

.

مەلا بەختیار ئاماژەى بەوەشکردووە: “ئەوەی تا ئێستا دەیبیستین، ئەمریكا هەڕەشەمان لێدەكات ئەگەر دۆستایەتی ئێران بكەین، لێتان قبوڵ ناكەین‌و ئێرانیش پێدادەگرێ‌ لەسەر ئەوەی ئەو پەیوەندییەی هەمانە لەگڵیان نابێ‌ دەستبەرداریان ببیین. لەكاتێكدا نە هەڕەشەكەی ئەمریكا‌و نە پێداگیرییەكەی ئێران، دەستەبەرنین بۆ میللەتەكەمان”.

.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەلا بەختیار بانگەوازێک ئاڕاستەى مەسعود بارزانى و کۆسرەت ڕەسوڵ کرد و سەرکردەى حیزبە کوردستانییەکان دەکات و دەڵێت: “بانگەوازێك بۆ كاك مەسعود‌ و كاك كۆسرەت ‌و سەرۆكی هەموو حیزبەكان، سەرەڕای جیاوازییەكان ‌و كێشەكان، بەزوترین كات كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان حیزبەكانی كوردستاندا بكرێت‌ و لەناو پەرلەمان كۆبوونەوە بكرێت ‌و داوای كۆبوونەوەی حیزبە عیراقییەكان بكرێت‌ و گفتوگۆ بكەین، پێشتریش وتومە كە هەقە لەم كێشەیەدا، بۆ مەترسی جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران، سیاسەتی خۆمان ببەستینەوە بەسیاسەتی بەغداد، بەڵام سیاسەتی بەغدادیش نابێ‌ بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان بیسەپێنێت”.


لێپرسراوى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسی یەکێتى ئاماژەى بەوەشکردووە: “دەبێ‌ بەڕاوێژ و بەبۆچوونی هەمولایەكمان ستراتیجەكە دابنێین، نەك بەغداد لەوێ‌ بڕیارێك بدات‌و ئێمەش لێرە، ملكەچ بین. یان ئێمە لێرەوە خۆمان بڕیار بدەین‌و بڵێن، هەقمان بەسەر بەغدادەوە نییە! نەخێر، بەڵكو ئێستا هەقمان زۆر بەسەر بەغدادەوەو هەیەو ئەویش هەقی بەسەرمانەوە هەیە‌و بەڕاستی سەما ئێستا لەسەر لێوار و نوكی خەنجەرە”.

مەلا بەختیار دەشڵێت: “ئەگەر حیزبەكان، حكومەت‌ و پەرلەمانی كوردستان حكومەت ‌و پەرلەمانی عیراق، بەهەموومان ستراتیژ و پرۆژەیەكمان بۆخۆمان دانا، سوور بووین لەسەری، ئەوكاتە ئەمریكا، بەریتانیا ‌و ئەنجومەنی ئاسایشیش رێزی لێدەگرن‌ و ئێران ‌و دەوڵەتانی دەوروبەریش لەناوچەكە رێزی لێدەگرن”.

داواش دەکات: “لەو چوارچێوەیەدا هێزە كوردستانییەكان دەبێ‌ پاشكەوتی سیاسی خۆمان هەبێ‌، ئەویش ئەوەیە لەسەر ئاستی عیراق، لەهەموو ئاستەكان رێكبكەوین ‌و لەناو كوردستانیش بۆ هەموو ئەگەرەكان، شەڕ دەبێ‌، ئەگەر شەڕ بوو چی بكەین ‌و ئەگەر نەبوو چی بكەین؟ ئەگەر ماوەیەكی كەم رویدا، چی بكەین، ئەگەر دوای ئەوەی وەستا چیبكەین؟ كە شەڕ وەستا، لەسەر حسابی چارەنوسی ئێمە دەبێ‌، یان لەسەر حسابی نەوت‌ و جوگرافیا ‌و ئاسایش ‌و پێشمەرگەی ئێمە دەبێت؟ یان نەخێر لەسەر حسابی عیراق دەبێت؟ یان لەسەر چ حسابێك دەبێت ‌و دەشبێ‌ هەموو ئەم پرسیارانە لەخۆمان بكەین و بەرچاویشمان روون بێت. چونكە ئەگەر بەرچاومان روون بوو، بەرنامە‌و بڕیارمان هەبوو، هەر رووداوێك رویدا، ئامادەین”.