“ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدادەوە پێش چەژن یەکلا نەبووەتەوە”

27/05/2019 - 10:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکراى دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق لەئێستادا خەریكی ئامادەكاری و پلاندانانە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەگشتی، بە هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ ئەوەى پێش جەژن مووچە دابەش بکرێت.

د.ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ناس كوردی ڕاگەیاند: “لەئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵى خۆ ئامادەكردن و پلاندانانە بۆ دابەشكردنی مووچەى فەرمانبەرانی عێراق بە گشتی، لە نێوانیدا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێش چەژنی ڕەمەزان”.

ئەو پەرلەمانتارە کوردەى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەشکرد، هێشتا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەپێش جەژندا یەكلا نەبووەتەوە و پێدەچێت بكەوێتە پاش پشووەکانى جەژنەوە، چونکە وەزارەتى دارایی تا ئێستا مووچەى فەرمانبەرانى عێراقیشى دابەش نەکردووە.

بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرى دارایی هەرێم و وتەبێژى حکومەت، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا باس لەو پارانە بکەن کە وەک مووچە لەلایەن بەغدادەوە ڕەوانەى هەرێم کراوە.