سەركردەیەكی دیاری حزبێكی كوردستان وازی لە حزبەكەی هێنا

02/06/2019 - 16:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

یەكێك لە دامەزرینەرانی حزبی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات، لە ئەمڕۆوە وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیم و سەربە ھیچ ئۆرگانێكی حزبی نیم و دووپاتی دەكاتەوە، گۆڕان لەبری ئەوەی هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری، ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكارییەكان.

قادر حاجی عەلی دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆران رایگەیاند : من لە ئەمڕۆوە وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیم و سەربە ھیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم و گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لە خەبات و كاری سیاسیدا بەسەربردووە، بەڵام ھەرگیز سیاسەتكردن بۆ من نەبووەتە پیشە، بەڵكو كەرەستەیەك بووە بۆئەوەی لە ڕێگایەوە ژیانی گەلەكەمانی پێ خۆش و باش بكەم.

سەبارەت بە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران ئاشكرای دەكات ، لەدوای فەشەلی حوكمڕانیی یەكێتی و پارتی و نائومێدبوونی ھاونیشتمانیان لەم دوو دەسەڵاتە، كۆمەڵگای ئێمە ھێزی بەرگریی نوێی دروستكرد كە لە ڕووە سیاسییەكەیەوە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوو و بێگومان لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسیی گۆڕان نائومێدییەكی گەورەی دروستكردووە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەبات و بەرگریی كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادی و دادپەروەری، بە ڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسی و ئیداری و ئەخلاقیشە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین پاشەكشێیەكی تەواوە لە دیموكراسی، گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی و سەركێشانێكە بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنەماڵەیی سوڵتانی، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەم نەھامەتییانەدا ھەستدەكەم خەڵك وەك شكستەكانی پێشوو ئیرادەی ھەستانەوەی ھەیە. بایكۆت و سزادانی حزبەكان لە ھەڵبژاردندا ئەم ڕاستییە دەردەخەن كە ئەمڕۆ بە بایكۆتی دەنگ، سبەینێش بە یاسا یان بە ھەر ئامرازێكی تری مەدەنی سزایان دەدەن"

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، "ئاساییە و دروستە كە پرۆسەی ھەڵبژاردن دوور لە ساختەكاری بەڕێوەبچێت و سەرەنجامی ھەڵبژاردنەكە لای ھەمووان پەسەند بكرێت، ئەوەی ئاسایی نییە لە كوردستاندا ھەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێت و سەرلەبەری پرۆسەكە بە ساختەكاری و خۆسەپاندن بە ھێز بزانیت و پاشان لەبەر دەستكەوت و پلە و پۆست ڕازیكردنی نوخبەیەك لە كادری ھەلپەرست و بێ ئیش گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەكە ھەڵبگریت و ببیتە شەریكی ئەو حزبانەی كە دەنگەكانیان خواردوویت و ھەزار و یەك ڕەخنەت لێیان ھەبووە،وە ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت و بانگەشەی بەدامەزراوەییكردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەھایەك بۆ دامەزراوەكانت نەھێڵیتەوە و لە دەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروستبكەیت، ئەوە نائاساییە كە ئەزموونێكی زۆر تاڵ و تفتت لە كابینەی پێشوودا لەگەڵ ھەمان حزبدا ھەبێت و بە ناشرینترین شێوە لە حكومەت و پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتییان قبوڵ بكەیت،وە ئەوەی ئاسایی نییە ڕێكخەرە گشتییەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لە دادگا داواكراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر ھەمان دام و دەزگای ئەو حكومەتە، خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بدات و دەنگت نەداتێ، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكات و دەست لە كار نەكێشێتەوە، بە پێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكان و ناڕازییەكانی خۆت سزابدەیت.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە ، ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزرا و خەڵكێكی زۆریش قوربانیی بۆ دا چاككردنی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بوو، نەك پلە و پۆست و ئیمتیاز دۆزینەوە، ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەكردووە بۆئەوەی چەواشەی خەڵك بكات، بەڵكو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵك لەگەڵ سیاسەت ئاشتبكاتەوە، ببێتە زمان حاڵی زوڵم لێكراوەكانی ھەرێمی كوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوودەدات پشتكردنە لە دەنگدەرانی گۆڕان و خەڵكی ئەم ھەرێمە، لەوەی كە گۆڕان ھەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی، ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكارییەكان.

قاردری حاجی عەلی ئەوەشی بۆ ئێن ئارتی ئاشكرا كردوە، ناكۆكی لەسەر جۆری ئیدارەدان و دیاریكردنی سیاسەتی بزووتنەوەكە و ناڕوونی لە جۆری دروستكردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەكەدا. كەموكوڕی لە دەستووری ناوخۆی بزوتنەوەكەیە، وازنەھێنان لە تەكەتول و سەركردن بەیەكدا، سیاسەت كردن بۆ سیاسەت نەك بۆ گۆڕانكاری، دروستكردنی ھەندێ كەسی بێ ئیرادە و ڕیاكار لە دەوری سەركردەكان.