سلێمانی... ناونوسین بۆ هەلی كار ڕاگەیەندرا، شوێنی ناونوسینەكە لەكوردیو بزانە

12/06/2019 - 13:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

حكومەتی هەرێم و كۆمپانیایەكی ئەڵمانی لە سنوری شاری سلێمانی ناوی بێكاران تۆمار دەكەن و هەلی كاریان بۆ دەدۆزنەوه، ناوتۆماركردنیش تەنها (6) رۆژ دەبێت‌ و قائیمقامی سلێمانیش ئامادەیی دەبڕی لە رووی دابینكردنی شوێن و پاراستنی لایەنی ئەمنییەوە هاوكاری پرۆسەكە بكان.


دیار حەمید نوێنەری بەرێوبەرایەتی گشتی كاری سلێمانی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە، رایگەیاند: بەرنامە و پلانێكی فراوان لە نیوان وەزارەتی كار و رێكخراوی (G I Z)ی ئەڵمانی دارێژراوە بۆ ئەوەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە تەواوی شار‌و شارۆچكەنەوە ناوی ئەو كەسانە تۆمار بكرێت كە بێكارن بە هەردوو رەگەزەكەوە، بەخوێنەوار و نەخوێنەوارەوە، بە مەرجێك تەمەنیان لە نێوان (18-60) ساڵیدا بێت و فەرمانبەر نەبێت.


وتیشی: لە رۆژی پێنج شەممە (13/6/2019)وە لە سنوری شاری سلێمانی ناو تۆماركردن دەستپێدەكات و رۆژی (13 و 16)ی مانگ لە ناو تەلاری هونەر دەبێت و رۆژانی (17،18،19،20) ناونوسین لە ناو پاركی ئازادی دەبێت، لایەنی ئەمنی و دابینكردنی شوێنیش بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەكە لەو چەند رۆژەدا لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دابین كراوە.


نوێنەرەكەی وەزارەتی كاری هەرێم ئاماژەی بەوەش كرد كە دوای تۆماركردنی ناوەكان بەپێی سیستمی بایۆمەتری وردبینی تەواویان لەلایەن وەزارەتی كار و رێكخراوی (جی ئای زێت)ه و پارێزگاكانەوە بۆ دەكرێت و دواتر هەوڵ دەدرێت هەلی كار بۆ ئەو بێكارانە بدۆزرێتەوە و هەلی كاریان بۆ دابین بكرێت.


ئەوەشی ئاشكرا كرد: تۆماركردن بێ بەرامبەرە و بۆ هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانییە، ئەو كەسانەش كە لە شار‌و شارۆچكەكانی دەوروبەری سلێمانی نەیانتوانیوە لە كاتی خۆیدا بەهۆی نەخۆشی و گەشتەوە ناویان تۆمار بكەن، دەتوانن لەگەڵ بێكارانی سلێمانیدا ناویان تۆمار بكەن، هەركەسێكیش دووبارە ناوی تۆمار بكات راستەوخۆ هەردوو ناوەكە لە سیستمەكە لادەبرێت.

 

 

 

 

سەلام بێستانسوری